هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە

هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بەو پارەیەوە هەیە کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان داوایکردووەو زۆر زیاترە لە مانگەکانی پێشوو.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند" یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، جیاوازی لیستی مووچەیە لەگەڵ مانگەکانی رابردوو".

ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان داوایکردووە زۆر زیاترە لە مانگەکانی پێشوو، لەبەر ئەو جیاوازییە زۆرە، وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی تەواو لە لیستەکەدا دەکات".

لەلایەکی ترەوە بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " دەستنەکردن بە " تەوتین " و رادەستەنکردنی داهاتی ناوخۆش دەوو هۆکاری ترن بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 

تا ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئاشکرای نەکردووە داوای چەندی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کردووە بۆ مووچەی مانگی نیسان ، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو پارەیەی داواکراوە زیاترە لە مانگەکانی پێشوو.



PM:08:19:05/05/2024