" ئێرانییەکان فایلی ڕێکخراوە ئیسرائیلییەکانی لە هەرێمدان دەخەنە بەردەم نێچیرڤان بارزانی"

‌وێنەیەکی سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران

رۆژنامەی " ئەلشەرق ئەوست" لە زاری سەرچاوەیەکی شیعەوە بڵاویکردۆتەوە لەم سەردانەدا کە ئێستا نێچیرڤان بارزانی لە ئێرانە، لایەنی ئێرانی" فایلی ئەو ڕێکخراوە ئیسرائیلییانەی کە لە ناوچەکەدا ئامادەن و بەردەوام ئاسایشی وڵاتەکەیان دەکەنە ئامانج، لەسەر مێزەکەیان دادەنێن".

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دوو شەممە راپۆرتێکی بە ناونیشانی " نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵێکی نوێدا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکات" بڵاوکردۆتەوە.

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە "دوا دەرفەت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و پاراستنی یەکڕیزیی هەرێم" وەسفی کردووە.

باس لەوەشکراوە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە بارزانی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، یەکێک لە پێکهاتەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، کە پارتە شیعە و سوننە و کوردییەکانی تێدایە و حکومەتی ئێستای عێراقیان پێکهێناوە، ڕایگەیاندووە" سەردانەکەی بارزانی بۆ بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی دەرفەتیان پێبدرێت تا هەموارکردن لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پشکی کەمینەکان بکەن و، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی لەبری کۆمیسیۆنی هەرێم سەرپەرشتی بکات”.

ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردەوە، بارزانی داوا  لە تاران دەکات کە فشار بخاتە سەر هاوپەیمانەکەیان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە دواخستنی هەڵبژاردن.

ئەو سەرچاوەیە  ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێرانییەکان فایلی ئەو ڕێکخراوە ئیسرائیلییانەی کە لە ناوچەکەدان کە بە بەردەوامی ئاسایشی ئێران دەکەنە ئامانج، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەسەر مێزەکەیان دادەنێن.( وەفدی هەرێم وەزیری ناوخۆش، رێبەر ئەحمەد یان لەگەڵدایە کە ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری هەرێم و عێراق لەگەڵ ئێراندا بووە لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران لە ئازاری ٢٠٢٣دا).

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێرانییەکان دەبینن بارزانی لە دۆخێکی لاوازدایە، بە دەرفەتێکی زێڕینە دادەنێن تا موزایەدەی لەسەر بکەن لە بارەی مەلەفی ڕێکخراوە ئیسرائیلییەکان و گروپە لایەنە ئۆپۆزسیۆنە چەکەدارە ئێرانییەکان دژ تاران، کە بارەگاکانیان لە ناوچەکەدایە".

ئەمەش بەرامبەر ئەوە دەبێت کە ئێران فشار بکاتە سەر یەکێتی تا دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ بکات بۆ ئەوەی هەرێم بە یەکگرتووی بمێنێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی ئازاردا بڕیاریدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی کە کورسی کۆتاکانی نەهێشت.



AM:09:25:06/05/2024