پارێزگای هەولێر زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری ئاشکرا کرد

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند" لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریدا ٢٢٧ دوکان و حەوت کۆگا سووتاون و ١٣٢ کەسیش برینداربوون".

ئەمڕۆ دووشەممە،  لە راگەیەنراوێکدا پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند" دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵی ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت".

ڕوونیشیکردەوە کە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە لیژنەیەکی تایبەت بە خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنرا و بەپێی دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (٤٠٠٠) دوکان، (٢٢٧) دوکان و (٧) کۆگای بچووکی بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەی تەواوی بازاڕەکە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە" سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەرەباڵغێەکی زۆری هاووڵاتییان لە شوێنی ڕووداوەکە، (١٣٢) کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو".

ئەوەشی خستەڕوو کە هەرزووتیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (١١٧) كەسیان چارەسەرکرد و (١٥) كەسی تریشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند" هاوڵاتییانی شاری هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانی ئاشکرا دەکرێت".


PM:03:17:06/05/2024