سودانی بانکی TBI راسپارد لەگەڵ حکومەتی ھەرێم رێکبکەون بۆ بەبانکیکردنی مووچە

محمد شیاع سودانی بانکی TBI راسپارد لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بگەنە رێککەوتن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، و چەند هەنگاوێکیش بۆ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بەپێی هەواڵێکی میدیای (یەکێتی ) محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکی TBI راسپاردووە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بگەنە رێککەوتن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دەستپێکردنی پرۆسەکە.

هەر بەپێی سەرچاوەکە، تاکو ئێستا ھیچ فەرمانێک نەگەیشتووەتە دەست بەڕێوەبەری گشتی مووچەی عێراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم.

بە گوێرەی زانیارییەکان تائێستا عێراق و ھەرێم لەسەر پرسی رادەستکردنی داھاتی نانەوتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و عێراق داوادەکات، ھەرێم مانگانە ١٠٠٪ داھاتی نانەوتی رادەست بکات دواتر نیوەی ئەو داھاتەی بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ھەرێم ناردنی تەواوی داھاتی نانەوتی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامادەیە تەنھا ٪٥٠ی داھاتی نانەوتی رادەست بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پیشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو" چەند پێشھاتێکی نوێ لە ئارادایە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و ھەرێم، لەنێویاندا کێشەی مووچە و بودجە، لە دوو رۆژی داھاتووشدا ئەنجامەکانیان دەردەکەون".


PM:08:13:07/05/2024