سەبارەت بە فەرمانبەران و مووچە سێ‌ داواكاری دەدرێتە سودانی

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا سێ‌ داواكاری دەربارەی بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و مووچەكانیان و دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی تۆپبارانەکانی توركیا و ئەو کەسانەی شەهیدبوون دەداتە سەرۆك وەزیرانی عێراق.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە و تێیدا هاتووە، بارودۆخی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان ئاشکرایە، چەندین داواکارییان ئەو فەرمانبەرانەیان پێگەیشتووە، کە ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نەکراون بە هەمیشەیی و هەندێکیان ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە.

ڕاشیگەیاندووە، داوا دەکەن لەسەر میلاکی گشتی هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، کە لەم ساڵانەی دواییدا جێگیرکراون، بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکان فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمیش بخرێنە سەر میلاکی گشتی.

ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوەكەیدا داوای كردووە" ئەو فەرمانبەرانەی زیاتر لە دوو ساڵە بە گرێبەست کار دەکەن هاوتای فەرمانبەرانی عێراق جێگیربکرێن، هەندێک لەو فەرمانبەرانەی هەرێم ماوەی ١٢ ساڵە کاردەکەن و هێشتا وەک گرێبەست هەژمار دەکرێن".

ئاماژەی بەوەشكردووە، تەرخانی دارایی لە خشتەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ دابینکردنی تێچوی جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست زیاد بکرێت، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پرۆسەی تەوتینی مووچە فەرمانبەرانی گرێبەستیش بگرێتەوە.


PM:10:48:07/05/2024