ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پرسی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست یەکلایی بکرێتەوەو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

دوێنێ سێ شەممە ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە وەک وەڵامێکە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، دەڵێت" لە ماوەی ڕابووردو بە هاوکاری وەزارەتی دارایی وئەنجومەنی ڕاژە لەگەڵ سەرۆکی دیوان و سەرۆکی فەرمانگەی هەمئاهەنگیی ڕاپۆرتێکی پڕ زانیاریمان لەسەر کەیسەکەتان ئامادەکردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای زانیاریەکانی ناو لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و چاودێریی دارایی فیدڕاڵیش لیستی مووچەتان وەک گرێبەست پەسەندکرا".

لە دوای بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە، ئەرکەکە دەکەوێتە سەرشانی وەزارەتی دارایی هەرێم کە چۆن کاربکات بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ئەم بڕیارەی هەرێم جێبەجێبکات و لە مانگەکانی دواییدا ئەم فەرمانبەرانە مووچەی تەواوی خۆیان وەرگرن و هەموو مافێکیان وەک مووچەخۆری هەمیشەیی هەبێت.

ژمارەی ئەو فەرمانبەرە گڕێبەستانە زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس دەبن، هەندێك لەو فەرمانبەرانەش زیاتر لە ١٤ ساڵ خزمەتیان هەیە و خەریكە دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و لە چاوەڕوانی بە هەمیشەیی بوونیاندان.



AM:09:16:08/05/2024