کۆمسیۆن کارەکانی هەڵبژاردنی راگرت
یەکێتی تانەی لێدەدات


ئەمڕۆ چوار شەممە ٨ ی ئایار دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆن کارەکانی راگرت، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە دادگای فیدراڵی تانە لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن دەدات.

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی بە میدیاکانی نزیک یەکێتی راگەیاندووە " لەرێگەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەوە تانە لەبڕیاری ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەدەن، سەبارەت بەهەڵپەساردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان".

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە فەرمانە سالارییەکە "وەلائیەکە"ی دادگای باڵای فیدرالی  پەیوەندارە بە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، نەوەک تەواوی پرۆسەکە.

بەیانی ئەمڕۆش جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " بە بڕیاری کۆمسیارانی باڵا بڕیاردراوە سەرجەم رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی تا کاتی یەکلاکردنەوەی سکاڵای تۆمارکراو، رابگیرێت".

رۆژی ٧ـی ئایاری ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانێکی (وەلائی) سالاری بۆ کارپێنەکردن بە بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، کە بڕیارە رۆژی ١٠ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت.

ئەو فەرمانەی " سالارییە " یە بە واژۆی دادوەر جاسم عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و بەکۆی دەنگی هەشت ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی دادگاکە بووە، وەکو بەشێک لە وەڵامی داخوازینامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کارپێنەکردن بە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ دابەشکردنی کورسییەکان بەگوێرەی ژمارەی دەنگدەران نەک پێوەری ژمارەی دانیشتوان.

رۆژی ٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.



AM:11:42:08/05/2024