لەنێو سنوری خاكی هەرێم کۆڵبەرێکی کورد كوژرا

کۆڵبەرێکی گەنجی كورد لە نێو سنوری خاكی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی" هێزەکانی سوپای پاسداران کە لە سنوری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان جێگیرکراون، بە چەکی دۆشکە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردوە و کۆڵبەرێک بە ناوی سالار ئەحمەدی دەستبەجێ کوژراوە، ئەم کۆڵبەرانە لەنێو سنوری خاکی هەرێمی کوردستاندا بوون". 

رێكخراوی هەنگاو لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویكردۆتەوە، سالار ئەحمەدی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی (نەڵاس)ی سەر بە شارۆچکەی ڕەبەت لە سەردەشت بووە و تا ئێستا تەرمەکەی بۆ سەردەشت نەگەڕێندراوەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە، لە ماوەی نۆ رۆژی مانگی ئایاردا لانیکەم پێنج کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.


AM:09:14:10/05/2024