هێرشی داعش لەکوبانێ راگیرا.. یەپەگە کێوماڵی گەڕەکەکان دەکات

لە دوو رۆژی رابردوودوا لە رۆژئاوای شاری کوبانێ و لە رۆژهەڵاتی شارەکە داعش چەند پێشرەویەکی نوێی کرد، بەڵام ئەمڕۆ سوپای ئەمەریکا رایگەیاند کە هێرشەکانیان وەستاندووە، یەپەگەش دەستی بەکێوماڵکردنی ئەو ناوچانە کردووە کە داعش کۆنترۆڵی کردبوون.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی چەکدارانی داعش لە دوو رۆژی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی شاری کوبانێ لەگەڕەکی کانی کوردە هەندێک پێشڕەویان کرد، بەڵام شەوی رابردوو پێشڕەوییەکەیان راگیراو شەرڤانان دەستیان بەدژە هێرش کردو کەوتنە کێوماڵکردنی ئەو ناوچەیەو پاککردنەوەی لە چەکدارانی داعش.

لەلایەکی ترەوە داعش لەچەند رۆژی رابردوودا لە گەڕەکی شارەوانی پێشڕەویکردبوو، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکەی وەستێنرا، لە دوێنێ ئێوارەو شەوی رابردوەوە دژە هێرش دەستی پێکردووە.

لە قۆڵی ( تەلشعیر) یشەوە رۆژی ٢٣ ی تشرینی یەکەم چەکدارانی داعش دوای دوو هێرش ئەو گوندو بەرزاییەیان گرت کە دەکەوێتە رۆژئاواوەو ٥ کم لە کوبانێوە دوورە، بەڵام شەرڤانانی یەپەگە شەوی رابردوو، پاش ئەوەی داعش تەنها ١٦ کاتژمێر توانی تیایدا بمێنێتەوە، سەرلەنوێ پێی چۆڵکرایەوە.

راگرتنی هێرشەکانی داعش و دەستکردن بە دژە هێرش بە هاوکاری فرۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی ئەنجام دران.    



AM:11:09:24/10/2014