یەکێتی: ئەو ھێزەی بڕیارە بچێتە كۆبانی، دەبوو بنێردرایە بۆ چیای شەنگال

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو ھێزەی لەسەر بڕیاری سەرۆکی ھەرێم پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەردا بینێرێتە كۆبانی، دەبوو بنێردرایە بۆ چیای شەنگال، دەشڵێت:"داعش دەیەوێت چیای شەنگال بکاتە تۆرابۆرای کوردستان".

لەمبارەیەوە ھاوکار جاف ئەندامی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاند "داعش ھێزێکی زۆری کۆکردۆتەوەو دەیەوێت چیای شەنگال داگیربکات".

وتیشی:"ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگەو سەرۆکایەتی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان فریای چیای شەنگال نەکەون، ئەوا دەکەوێتە دەستی داعش و لەلایەن ئەو گروپە تیرۆریستیەشەوە دەکرێتە تۆرابۆرای کوردستان".

ئەوەشی ڕوونکردەوە، چیای شەنگال شوێنێکی زۆر ستراتیژی ھەیە لەناوچەکە جگە لەوەی ڕووبەرێکی فراوانی ھەیەو درێژیەکەی زیاترە لە ٧٠ کیلۆمەتر، ھاوکات بەشێکی چیاکە دەکەوێتە باشورو بەشەکەی تریشی دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستانەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، دەبوو ئەو ھێزەی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا بنێردرێنە كۆبانی، "دەبوو بنێردرانایە بۆ چیای شەنگال، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەوان تەنھا پێویستیان بەتەقەمەنی و چەک ھەیە، نەک ھێزی سەربازی، ئێستا شەنگال ھەم پێویستی بەچەکەو ھەمیش بەھێزی زیاتر".



PM:09:55:24/10/2014