"پاپای ڤاتیکان لەگەڵ کوردو کوبانێیە"

لەروما لە رۆژانی ٢٧-٢٩ کۆبوونەوەیەکی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بە ئامادەبوونی پاپای ڤاتیکانیش سازکرا. لەچاوپێکەوتنی لەگەڵ وەفدی کورددا پاپا رایگەیاند " ئەو لەگەڵ گەلی کوردایە".

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە ٥٠ وڵاتەوە نوێنەرانی نەقابەکان و بزووتنەوەکانی ژنان و بزووتنەوەکانی ژینگە بەشداربوون، باس لەخەباتی گەلان و نایەکسانی کراو بڕیاردرا کە ئەو بزووتنەوانە خەبات بکەن و هەوڵی گۆڕانکاری نەک لەسەر ئاستی وڵاتێک، بەڵکو لەو خەباتەیاندا سنوری نەتەوەیی و ئاینی و کیشوەرەکانیش تێپەڕێنن.

پاپا فرانسیس چاوی کەوت بە زۆربەی نوێنەرانی گەلانی بەشداربووی ئەو کۆبوونەوەیە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی تۆڕی کوردیدا، وەفدەکە باسی خۆراگری خەڵکی کۆبانێیان لەگەل کردو، پاپاش ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لەنزیکەوە ئاگای لەهەواڵ و پەرەسەندنەکانی کوبانێیەو رایگەیاندووە کە " ئەو لەگەڵ گەلی کوردە".

لە بڕیارەکانی کۆتایی کۆنگرەش داوا کراوە کە دەروازە بۆ شاری کوبانێ بکرێتەوەو پاڵپشتی مادی و لۆجستی بکرێت و لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە دان بە حکومی زاتیدا بنرێت بۆ رۆژئاوا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی DIHA وەفدی کوردی بە جیا بانگهێشتی هەموو بەشداربووانی کردووە بۆ کۆبوونەوەو خۆپیشاندانەکانی رۆژی جیهانی کوبانێ کە وا بڕیارە ١ ی نۆڤەمبەر لەزۆر پایتەختە جیهانیەکان و شارەکانی تریش لە وڵاتان بە کوردستانیشەو سازبکرێت.     



PM:04:04:31/10/2014