"رۆژانە 6 هەزار بوتڵە غازی كەركوك دەفرۆشرێت بە چەكدارانی داعش"


رۆژنامەنوسێك ئاشكرایدەكات كە بازرگانی غاز لەكەركوكەوە لەگەڵ چەكدارانی داش كراوە‌و ئەمەش چەند بازرگانێكی گەورەی لەپشتە. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت تەنیا سەرۆكی هەرێم دەتوانێت ئیجرائات لەگەڵ ئەو بازرگانانەدا بكات.

لەمبارەوە  ڕێبین فەتاح ڕۆژنامەنووسی بواری نەوت بەSNNی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی کە کردوویانە بۆیان دەرکەوتووە، لەلایەن چەند بازرگانێکەوە لەسنووری بازگەی مەکتەب خالد لەخوارووی کەرکوک، غاز دەبرێت بۆ حەویجەو بەداعش دەفرۆشرێتەوە.

دەشڵێت:"قەبارەی ئەو بازرگانیە گەورەیەی غاز ڕاستەوخۆ لەگەڵ داعش بەکەسانی ئاسایی ناکرێت و پێدەچێت بازرگانی گەورەبن و کەسی سیاسی و سەربازیشیان لەپشتەوەبێت".
ئەوەشی وت:"ڕۆژانە ٦ ھەزار بوتڵە غاز کە لەکۆمپانیای غازی باکورەوە بەرھەمدەھێنرێت دیار نامێنێت و بەنرخێکی زۆر زیاترو بەبڕی ٣٥ ھەزار دینار بەداعش دەفرۆشرێتەوە لەقەزای حەویجە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی ڕوونکردەوە، بەرپرسانی کۆمپانیای غازی باکورو لیژنەی نەوت و غازی پارێزگای کەرکوکیش، لەسەر ڕاستی ئەو ھەواڵە جەختدەکەنەوەو ئینکاری بوونی ئەو حاڵەتە ناکەن و چەند بڕیارێکیشیان بۆ ڕێگریکردن لێی دەرکردووە، "بەڵام نەکەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە".

لای خۆیشیەوە فایەق مستەفا ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی کوردستان وتی:"ئێمە لەبارەی بازرگانانی غاز لەگەڵ داعش سەرجەم زانیارییەکانمان داوەتە حکومەت و حکومەتیش لیژنەیەکی بۆ پێکھێناوە، بەڵام لەبەرئەوەی بەرپرسی ھێندە باڵای تێدایە کە سەرۆکی ھەرێم نەبێت کەس ناتوانێت ئیجرائاتی لەگەڵدا بکات، پێمان باشە سەرۆکی ھەرێم لەو لیژنەیەدا ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو کەسولایەنانە بدرێنە دادگا".

ئاشکراشیدەکات، ئەوان زانیاری تەواویان کۆکردۆتەوەو چاودێری سنوورەکانی ھەرێم دەکەن لەگەڵ داعشدا، وتیشی:"ھەفتەی داھاتوو لیژنەکەمان کۆدەبێتەوەو ھەر وەزارەتێکیش تایبەتمەندبێت، لەماوەیەکی دیاریکراودا بابەتەکە چارەنەکەن ئەوا ئێمە داوادەکەین ئەو وەزیرانە بێنە پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە".



PM:10:22:05/11/2014