"٣٠٠ هەزار دەروات،کۆتایی ساڵ ده‌بێته‌ ٤٠٠ هەزار بەرمیل"

لە کاتێکدا بەغدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بودجە بەبێ چارەسەری پرسی نەوت نانێردرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمێهێانی راگەیاند بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ سپی میدیا نێردراوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، رایده‌گه‌یه‌نێت رێژەی رۆیشتنی رۆژانە لە هێڵی بۆری نەوتی خاوی کوردستانەوە بۆ تورکیا لە 185 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە لە ئابدا بۆ نزیکەی  300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەفتەی یەکەمی تشرینی دووەمدا زیادی کردووە، ئەم زیادبوونەش بە رێژەی 60% ە لە چوار مانگی پێشوودا.

له‌راگه‌یه‌ندراوەكەدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كراوە کە‌ لە کۆتایی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە هەناردەکردن بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بکات و هەروەها بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کۆتایی چارەکی یەکەمی 2015 دا زیادی بکات.

هەروەها حکومەتی هەێم ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەو ئامانجە کاردەکات بەرهەمهێنانی خۆی بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کۆتایی 2015 و سەرەتای 2016دا.

لە کانونی دووەمی 2104ەوە، نزیکەی 34.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەکراوە و لەو بڕەش 21.5 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری جیهانەوە فرۆشراوە. ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە رێی تانکەرەوە بۆ مێرسین لە تورکیا هەناردەکراوە. به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.

هه‌روه‌ها کۆی بەهای ئەو نەوتەی هەناردەکراوە بە نەقد و بە شێوەیەکی عەینی 2.87 ملیار دۆلارە، کە لەو بڕە 2.1ملیار دۆلاری بە نەقدی وەرگیراوە و 775ملیۆن دۆلاری بە شێوەیەکی عەینی وەرگیراوە لەبری ئاڵوگۆڕی بەرهەمەکان (کە بریتیە لە 710,000تەنی مەتری لە بەرهەمەکانی نەوتی سپی و بەنزین و دیزڵ).
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ لە بڕە پارە نەقدەکە، نزیکەی 400ملیۆن دۆلار بەکارهێنراوە بۆ تێچوونی بارکردن و دانی بەشێکی پاداشتی بەرهەمهێنەرەکانی نەوت. بەم پێیە پوختەی پارەی نەقدی بەدەستهاتوو لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەو ماوەیەدا بریتیە لە 1.7ملیار دۆلار. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان  500ملیۆن دۆلاری تریشی پێشتر وەرگرتووە لەو کڕیارانەی کە لە داهاتوودا بڕەکانی نەوتی خاویان پێدەگات لەرێی بەندەری جیهانەوە.

ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کاتێکدایە حکومەتی بەغدا بوودجەی ساڵی ٢٠١٤ی نەناردووە بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوکات هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی عێراق بە ناراستەوخۆ داوای ئەو پارەی نەوتە فرۆشراوەی لە تورکیا کرد.



PM:02:40:09/11/2014