سەرۆکایەتی هەرێم: نازانین موعەلیم بەچ روویەکەوە باسی ئۆچ ئالان دەکات

سەرۆکیەتی هەرێمی کوردستان وەلآمی وەزیری دەرەوەی سوریا دەداتەوەو دەڵێت "نازانین موعەلیم بەچ روویەکەوە باسی ئۆچ ئالان دەکات"
دەقی وەلآمەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

رۆژی پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەم ڕۆژنامەی (الاخبار)ـی لوبنانی چاوپێكەوتنێكی وەلید ئەلموعەلیمی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سووریای بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا ناوبراو قسەی چەواشەكارانەی لەبارەی سەرۆك بارزانی و كۆبانێ (كە ئەو بە عەینولعەرەب ناوی دەبات)كردووە. لە وەڵامی ئەم بۆچوونە نابەجێیانەیدا بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیێنین كە خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانێ باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون و، وەلید موعەلیم ئەو كەسە نییە كارتی نیشتیمانپەروەری دابەش بكات. ناشزانین لەبیری چووە یان لەبیر خۆی بردۆتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا و، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی موعەلیم دەستی پێكردووە.

وەلید ئەلموعەلیم لە چاوپێكەوتنەكەیدا ناوی بەڕێز ئۆجەلانیشی هێناوە. نازاندرێ بە چ ڕوویەك باسی ئۆجەلان دەكات؟ چونكە ئۆجەلان لای ئەوان بوو، كەچی دەستیان لێ بەردا و دەریان كرد و بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا كرد كە لە دژی بەڕێوە چوو.ئەگەر موعەلیم ڕاست دەكات و تۆسقاڵێك هەستی بەرانبەر كورد یان لایەنێكی كوردی هەبێت با ڕاشكاوانە و بوێرانە دان بە هەبوونی گەلی كورد لە سووریا بنێت.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
9ـی 11ـی 2014



PM:03:18:09/11/2014