عه‌لی‌ باپیر: ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی‌ دڵی‌ من بوایه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌كرایه‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌

‌عه‌لی‌ باپیر


له‌ دیدارێكی‌ به‌شی‌ سۆرانی‌ ئاژانسی‌ ئانادۆڵی‌ توركیدا، عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی‌ دڵی‌ ئه‌و بوایه‌، ئه‌وا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌كرایه‌ پارێزگار.

عه‌لی‌ باپیر له‌و دیداره‌دا، باسی‌ هۆكاری‌ دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆی سلێمانی و رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسیەكانه‌وه‌ قسه‌ی‌ كردووه‌و ده‌ڵێ‌: ": "نەدەبوو ئەوەی روویدا، رووبدا بەداخەوە زۆرجار باس لەوە دەكەین زۆر شارستانی و دیموكراسی و پێشكەوتووین ئەگەر وایە نەدەبوو كێشەی ئەنجومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگاری سلێمانی بگەیشتبایەتە ئەم ئاستەی ئێستا."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر وتیشی: "لەم رۆژانە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، كۆبوومەتەوە، بەنیازی دەستپێشخەری بووم بەڵام ئەوان وتیان سەرقاڵی دیدارو گفتوگۆین بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی كۆتایی."

هەر لەبارەی رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسیەكان لە سلێمانی عەلی باپیر رەخنە لە حزبە سیاسییەكان دەگرێ و دەڵێ: "پێموایە ئەگەر میلەت قازانجی كرد حزبیش قازانج دەكا با هەندێ دەستكەوتی تەسكی حزبی لەدەست بچی، بەڵام كەمیلەتەكە قازانج بكا هەموولایەك قازانجی كردووە، كە میلەت زەرەر بكا هەمووی زەرەر دەكا."

سەبارەت بەوەی بۆچووی كۆمەڵی ئیسلامی پشتگیری لە بزووتنەوەی گۆڕان نەكرد لەكاتێكدا گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی پێشتر هاوئاهەنگی سیاسی لە نێوانیاندا بوو، عەلی باپیر دەڵێ: "هیچ رێكەوتنێك لەگەڵ ئێمە و گۆڕاندا نەبووە، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیش رێكەوتنمان نەبووە، هەروەها یەكگرتووی ئیسلامیش ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگ بووە، چاودێری بكەین لەیەك مەسافەدا بووە ستین، ئەوەمان بەڕاست زانیوە تەرازووی هیچ لایەنێك قورس نەكەین."

له‌ دیداره‌كه‌دا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی: "ئەگەر بەدڵ و قسەی من بوایە مادام كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر زۆرینەی دەنگی هێناوە دەبوایە بكرایە بە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام بەقسەی ئێمە نابێ پێویستە واقیعەكە بخوێنرێتەوە".

وتیشی‌: "بزانین قازانجی خەڵك لە چیدایە دەبێ خەڵك بەقەد ئەو دوو كورسیەی هێناومانە چاوەڕێمان بكا دەبێ بڵێین لەگەڵ پێكهاتنی هەردوولایەنین، ئەگینا ئەو دوولایەنە ئیسلامییە لەگەڵ هەر لایەك بن رەنگە وەزعەكە تێك بچێ ئەگەر وەزعەكەمان پێ چاك نەكرێ خۆ نابێ تێكی بدەین."
له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌ باسی‌ چه‌ندین ته‌وه‌ر ده‌كات و ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا بگاته‌ بنبه‌ست ئه‌وا كورد بڕیاری قورس دەدات.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە كوردستان دەڵێ: "لەم هەلومەرجەی ئێستا پێویستە وەكو كورد پەلە نەكەین، نابێ كارێك بكەین، باجی قورس بدەین."

عه‌لی‌ باپیر، راگەیاند: "لەدوا كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەكەی كورد، كۆبوونەوەكە بۆ ئەوە نەبوو بڕیاری تازەی تێدا بدەین، بۆ ئەوە بوو تاوتوێی رەوشی عێراقی تێدا بكەین."

وتیشی: "راستە ماوەی سێ مانگ دانرابوو بۆ بەغدا بەڵام ئەو ماوە زۆری رۆیشتووە و كەمی ماوە، كەچی ئەوەی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان بە گرێی گرێكانی دادەنێین، ئەویش بریتیە لەو قەرزەی لای حكومەتی عێراقە كە بژێوی خەڵكە زیاتریش سەرۆك وەزیرانی پێشو ئەو زوڵمەی كردووە، بەڕاستی بۆ ئیمە هێڵی سورە، بەڵام ئەو گرێیە لەلایەن بەغداوە نەكراوەتەوە."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەدرێژەی قسەكانی گەڕایەوە بۆ كاتی دانوستانی نێوان كورد حكومەتی عێراق دەڵێ: "كاتێك پێنج لایەنە كوردییەكە و ئەمریكییەكان و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە دیداری نێوان هەولێر بەغدا كۆبووینەوە، ئێمە بڕیاری بەشداری حكومەتمان دا و بڕیار بوو سەرەتا حكومەتی عێراق، لەگەڵ سوێندخواردنی وەزیرەكانی ئێمە لە بەغدا ئەو قەرزو حەقەی هەرێمی كوردستان، لای بەغدایە بنێرێ ئەوكات باسی هەمووی دەكرا، دواتر وترا بامەرجی قورس دانەنرێ نەك حكومەت پارەی نەبێ هاتینە سەر دوومانگ، بەڵام ئەوە خەریكە ماوەكە تەواو دەبێ بەغدا حەقی مانگێكیشی نەناردووە."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كە لەنزیكەوە ئاگای لە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدایە هۆشداری دەدا لەبارەی تەواو بوونی ئەو وادەیەی هەرێم بۆ بەغدای داناوە و دەڵێ: "ئەگەر وابڕوات كار بەدەستانی بەغدا لەسەر ئەم سیاسەتەیان بەردەوامبن، هەم بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دووچاری بڕیارێكی قورس دەبینەوە."

عەلی باپیر وتیشی: "لەو كۆبوونەوەی پێنج لایەنە كوردستانییەكە بڕیار درا تا بواری تێدابێ لەڕووی دیپلۆماسییەوە، چاوەڕێی ئەمریكییەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و هەروەها هەندێ خەڵكی دیكەی عێراق بۆنموونە باسی عادلعەبدولمەهدی و خەڵكی تریش كرا بۆ ئەوەی میانگیری بكەن."

باپیر دەشڵێت "ئەگەر بارودۆخەكە هەر بەدەوام بێ پێویستە كۆبوونەوەی تر بكەین، بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بكا بڕیاری لەسەر بدەین".

وەك پێش مەرج بۆ بەشداریكردنی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كورد سێ مانگی دانا بۆ بەغدا بۆ ئەوەی وەك هەنگاوی یەكەم لەو سێ مانگە دوای ناردنی موچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە بۆ كوردستان، هەرێم و بەغدا دانوستان بكەن لەسەر كێشەكانیان.

عەلی باپیر جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، كە سێ مانگ بۆ ئەوە دیاری نەكراوە، هەرچی گرێ هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا بكرێتەوە، ئەو سێ مانگە بۆ ئەوە بووە، كە حكومەتی ناوەند گومان چاكی و هەڵوێست باشی پیشانی خەڵكی كوردستان بدا، بۆ ناردنی پارەی خەڵكی كوردستان دواتر لاپەڕەیەكی نوێ لەسەر كێشەكانی تر هەڵبدرێتەوە. ئەگینا لە بەرنامەی كارنامەی حكومەتەكەی عەبادی باس لە ماوەی چارەسەركردنی كێشەكانی تر كراوە.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارە لە بڕیارو راسپاردەكانی لایەنە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان،  باسیش لەوە دەكا كورد لە بیانوو نەبووە، بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بەوتەی عەلی باپیر: "گفتوگۆكان بئاڵقێ بۆیە سێ مانگ دانرا، بەغدا لەوماوەیە هەڵسێتە سەرپێ و توانای گفتوگۆی هەبێ لەسەر كێشەكان و بێتە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەغدا بەجدی نەهاتۆتە پێش."

عەلی باپیر زانیاری لەبارەی راگرتنی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخاتەڕوو و دەڵێ: "بەغدا ئێستا بیانووی ئەوەیە دەبێ نەوتەكە هەمووی لەڕێی سۆمۆوەبێ دواتر پارەی هەرێم دەنێرن، بەڵام لە راستیدا سەرەتا وانەبوو دەبوو سەرەتا بەشە بودجەی هەرێم بنێرن، ئەوجا باسی بەرێكردنی نەوتی هەرێم لە رێی سۆمۆوە بكرێ."

باپیر وتیشی: "ئەم گۆڕینی هەڵوێستەی حكومەتی عێراق مەرجێكی دەستە وەستانكەرە، مەرجێكە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بئاڵقێ."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی رەتی دەكاتەوە، كورد یەكگرتوو نەبێ و لەوبارەوە وتی: "جێی دڵخۆشیە كورد هەمووی یەك هەڵوێستە كەس لە ئیجماعی كورد ناچێتە دەرەوە چونكە عەقڵ و مەنتق وا دەخوازێ یەكگرتووبین."

عەلی باپیر وتیشی: "لە نێوخۆماندا بڕیار دراوە، دوای ئەوەی گەیشتینە بنبەست لەگەڵ بەغدا و نائومێد بین، لە حكومەتی عێراق، هەموولایەك دادەنیشین بە سەرۆكی هەریم و سەرۆك كۆماریشەوە. بارودۆخەكە تاوتوێ دەكەین. ئەوكاتە هەم بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش بڕیاری قورس دەدەین. ئیتر ئەو بڕیارە چۆنە و چی دەبێ دەكەوێتە سەر بارودۆخەكە لەچوارچێوەی خوێندنەوەمان بۆ ناوچەكە و لایەنی نێودەوڵەتی و نێوخۆی عێراق بڕیار دەدەین بێگومان بارودۆخەكە وەها نامێنێتەوە."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە بارودۆخەكە وەها لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ناچێتە سەر بەگشتی بارودۆخەكە گەیشتۆتە دۆخێكی باریك.

عەلی باپیر سەرنجی هەموو لایەك بۆ ئەوە رادەكێشی چونكە بە وتەی ئەو: "نابێ وەكو ئێستا ئەم رەوشە بەردەوام بێ لایەك هەرێمی كوردستان، لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵ بێت، لەلایەك سەرۆك كۆماری عێراق كوردبێ و كۆمەڵێك وەزارەت و دامودەزگای حكومەتی عێراق بەدەست كوردەوە بێ، كەچی خەڵكی كوردستان سزا بدرێ و موچەی ببڕدرێ وەكو سزایەكی سیاسی لەلایەكی تر كێشەی پێشمەرگە و نەوت و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە. بێگومان ئەمە نابێ پێویستە بەلایەكدا بخرێ."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، هاتە سەر بڕیاری دانانی كورد لەدوای ئەوەی كورد لەگەڵ بەغدا گفتوگۆكانی گەیشتە بنبەست و دەڵێ: "لەم هەلومەرجە پێویستە وەكو كورد پەلە نەكەین نابێ كارێكی پەلە بكەین، باجی قورس بدەین. لە كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەكەش بەپێویست زانرا دەبێ لەگەڵ لایەنە سوننەكانیش گفتوگۆ بكرێ چونكە ئەو عەقڵیەتەی بەغدای بەڕێوەبردووە، سیاسەتی تایفی بووە. چونكە وڵاتێك كوردی تێدا نەبێ پێی ناگوترێ عێراق. یان وڵاتێك سوننەی تێدانەبێ ئەمە عێراق نییە وڵاتی تائیفی یان حزبێكە."

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەلومەرجی عێراق بۆ جیابوونەوە یان دابەشبوونی عێراق بەسەر سێ پارچە بۆ سوننە و كورد بەباش نازانی لە قۆناغی ئێستاو دەڵێ: "بڕیاری ماڵ جیایی پێویستی بە هەڵوەستەی زیاترە، راستە وەكو كورد ماف و حەقی خۆمانە بڕیاری چارەنوساز بدەین. بەڵام بارودۆخەكە لەبار نییە بۆ سوننەش پرسی داعش و خراپ بوونی رەوشی سیاسی و ئاسایشی عێراق بابەتێكی هەستیارە، وەك بینیمان سوپای عێراق شكا لەناوچە سوننییەكان داعش بەشێكی زۆری ناوچەكەی داگیركردووە بۆیە بڕیاری دابەش بوون ئاسان نییە.



PM:04:35:12/11/2014