بەهەوڵی نەوشیروان‌و نێچیرڤان بارزانی‌و نەجمەدین که‌ریم کۆبوونه‌وه‌


بارزانی بۆ ماوەی كاتژمێرێك لەگەڵ نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كۆدەبێتەوە، بەمەش سەهۆڵبەندانی چەندساڵەی نێوان ئەم دوو بەرپرسە بەرەو توانەوە دەچێت. سەرچاوەیەكیش دەڵێت: نەوشیران مستەفا‌و نێچیرڤان بارزانی دەوریان هەبوو لە نزیك كردنەوە ئەو دوو بەرپرسەدا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند: ئەمرۆ سێشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆدرێژكراو)ی هەرێم لەهاوینە هاواری سەڵاحەدین لەگەڵ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كۆبوونەوە كە مەبەست لە كۆبوونەوەكە بە پێی زانیاریی سەرچاوەكەی سپی، ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوو لا بووە.

سەرچاوەكەی سپی باسی لەوەكرد كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزتنەوەی گۆڕان‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ماوەیەكی زۆرە هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی ئەم دوو بەرپرسە ئاسایی بكەنە.

لەمانگی حوزەیرانەوە كە چەكدارانی داعش موسڵیان كۆنترۆڵكرد‌و دواتر هاتنە ناوچەكەكانی كەركوك‌و تكریت‌و دیالە، بارزانی دوو جار سەردانی كەركوكی كردوە كە هەر دوو  جارەكە نەجمەدین كەریم لە دەرەوەی وڵات بووە، بەڵام سەرچاوەكەی سپی باس لەوە دەكات كە لەئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمرۆ پەیوەندییەكانی هەر دوو لا ئاسایی دەبێتەوە‌و پێشبینی دەكرێت كۆبوونەوەی تری سیاسی‌و ئیداریی بەدواوە بێت.

ململانێی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ پارتی بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەكەركوك، هەرچی پارتیە نەجمەدین كەریم‌و یەكێتیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە لەئیدارەی كەركوك پەراوێز خراون.

بە درێژایی ئەم ماوەی رابردوو میدیاكانی پارتی ناڕاستەوخۆ شەڕێكی قورسیان لەگەڵ نەجمەدین كەریمدا دەستپێكردبوو.



PM:04:25:18/11/2014