پاش تەقینەوەكە لە هەولێر هێرش دەكرێتە سەر ئۆتۆمبێلی عەرەبەكان


پاش تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەمرۆی هەولێر لەلایەن چەند گەنجێكی هەولێرەوە هێرش دەكرێتە سەر ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی عەرەبەكانی نیشتەجێی هەولێر.

لەمبارەیەوە مەلا موسلیم فریزی مامۆستای ئایینی شاری هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند لە كاردانەوەی رووداوە تیرۆرستیەكەی هەولێردا، هێرش بۆسەر ئۆتۆمبێلی خەڵکی عەرەب دەستی پێكردوە، گوتی "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان كەوتووە لە ناو هەولێر و دەورووبەری 10 ئۆتۆمبێل عەرەبەكان و ئۆتۆمبێلی ژمارەی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق جامەكانیان شكێندراوە”.

مەلا موسلیم، ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی دژی هاتنی عەرەبە بە لێشاو بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام گوتیشی "نابێت كاردانەوەی سلبیمان هەبێت و ئاژاوە دروست بكرێت هەموو عەرەبێك تۆمەتبار بكرێت چونكە ئەوە خزمەت بە رەوشەكە ناكات”.

ئەو مامۆستا ئاینیەی هەولێر جەختی كردەوە، كاری تیرۆرستی كارێكی ترسنۆكانەیە، ناكرێت خەڵكی ئێمە بە بێ لێكۆڵینەوە خەڵكی عەرەب تۆمەتبار بكەن بەڵكو بۆ دەزگا ئەمنیەكان  جێبهێڵن، گوتیشی "جام شكاندنی ئۆتۆمبێل و هێرشی لەو جۆرە  لە دابونەریتی ئێمە نیە و داوا دەكەم گەنجەكانمان ئەو كارە رابگرن”.



PM:03:36:19/11/2014