داعش له‌چوار قۆڵه‌وه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سوپای عێراق

سەرلەبەیانی ئەمرۆ هەینی شه‌ڕو پێكدادانی قورس له‌نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق له‌شاری رومادی ده‌ستیپێكردوه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیی عیراقییش ته‌ئكیدله‌ كوژرانی 41 چه‌كداری داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای باشووری شاری تكریت ده‌كاته‌وه‌.

لیوای روكن كازم فه‌هداوی فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پارێزگای ئه‌نبار به‌سۆمه‌رییه‌ نیوزی راگه‌یاند: ئه‌م به‌یاننیه‌ له‌چوار قۆڵه‌وه‌ چه‌كدارانی داعش هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌رشاری رومادی و له‌ئه‌نجامدا شه‌ڕێكی قورس له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و ئه‌وچه‌كدارانه‌دا روویاوه‌.

هاوكات ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵی توركی له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیی عیراقیه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌،به‌هۆی شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی دوێنێی نێوان سوپای عیراق و چه‌كدارانی داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باشووری شاری تكریت" 41 چه‌كداری تیرۆریست كوژراون و له‌ شارۆچكه‌ی ئیسحاقی سه‌ر به‌قه‌زای به‌له‌دیش ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش خۆیان راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق كردوه‌.

هه‌روه‌ها جه‌لال محه‌مه‌د قه‌یسی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زای بێجی به‌سۆمه‌رییه‌ نیوزی راگه‌یاندوه‌: كه‌ ئه‌وان لیستی ناو ئه‌و كه‌سانه‌یان لایه‌ كه‌ پشتیوان و هاوكاری داعش بوون له‌بێجیدا و له‌هه‌مان كاتیشدا رێوشوێنی پێویست گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان له‌و شارۆچكه‌یه‌دا.



AM:11:25:21/11/2014