کۆنگرێسی ئەمەریكا پێشنیاری پڕچەك كردنی پێشمەرگە دەكات

لە كۆنگرێسی ئەمریكا، پێشنیاز كرا مۆڵەت بەدەسەڵاتی ئۆباما بدرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ چەك بۆ ھەرێمی كوردستان دابین بکرێت.
 
پێشنیازەكەی لەلایەن سەرۆكی كۆمیتەتی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، كۆماریخواز ئێد رۆیس پێشنیاز كراوە، ناوبراو داوا دەكات دەسەڵات بە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بدرێت كە راستەوخۆ چەك بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دابین بكات كە لە گۆڕەپاندا دژی داعش شەڕ دەكات.

بەپێی راگەیاندراوێكی نووسینگەی رۆیس، دەسەڵاتی ئۆباما نەیتوانیوە چەكی قورس و زرێپۆش بۆ كوردی عێراق دابین بكات كە لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعش پێویستیان پێیەتی، ئەمریكا بەشێوەیەكی سنووردار چەكی سووكی بۆ كوردی عێراق دابین كرد، ئەمەش ھەموو جارێك دوای پەسەندكردنی حكوومەتی بەغدا بووە کە بووەتە ھۆی درەنگ وەدەسخستنی یارمەتییەکان لە كاتی نزیكبوونەوەی داعشد".

لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكی كۆمیتە رۆیس ھاتووە: "سەرەڕای ئەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە خاوەنی چەكی كۆن و نەگونجاون دیسان سەلماندیان كە كاریگەرترین ھێزن لە گۆڕەپانی شەڕ دژی رێكخراوی داعش، چەند مانگێكە داوام لە دەسەڵات کردووە بۆ ئەوەی بەپەلە كورد پڕچەك بكرێنەوە، بڕێك كەسی دیكەش لە كۆنگرێسدا ھەمان شتیان كرد، ئەم پێشنیازە گرنگە وا دەكات كە ئەو ھێزە 190 ھەزار كەسییە، بەرامبەر ئەو ھێزە دڕندانەی داعش بە شێوەیەكی كارا ببێتە خاوەن ھێزی پێویست".
بۆ ئەوەی پێشنیازە یاساكە بێتە سەرمێزی ئۆباما بۆ واژۆ كردن، پێویستیی بەوە ھەیە ھەم لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەمیش لە ئەنجوومەنی پیران پەسەند بكرێت.




PM:12:04:21/11/2014