سپی زانیاریی لەسەر كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڵاودەكاتەوە

‌فۆتۆ.. knnc

ئەمرۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا لەسەر كاندیدكردنی هەڤاڵ ئەبوبەكر بمێننەوە بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی، هاوكات هەموو پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی بكەن بە دوو ستونەوە یەكێتی سەرپشك بێت كامەی هەڵدەبژێرێت.

ئەمرۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد.
 لەو كۆبوونەوەیەكەدا كە بەئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بۆ پرسی پارێزگای سلێمانی هەموو پۆستەكانی پارێزگا (بەڕێوەبەرایەتییەكان، ئێدارەی گەرمیان‌و راپەڕین) بكرێتە بە دوو ستونەوە‌و یەكێتی سەرپشك بكرێت كە كامە ستونەیان هەڵدەبژێرێت.

هاوكات جڤاتی نیشتمانی گۆڕان سووربونی خۆی لەسەر كاندیداتۆری د. هەڤاڵ ئەبوبەكر دووپاتكردەوە كە وەك كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی بمێنێتەوە.

هەروەها جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاریدا كە لیژنەی دانوستانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی پارێزگاری سلێمانی سەرپشك بكرێت‌و متمانەی جڤاتی پێبدرێت لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ لیستی یەكێتی‌و لیستەكانی تردا.

پرسی پارێزگاری هەڵبجەش بەستراوە بە یەکلایی کردنەوەی پرسی پارێزگاری سلێمانیەوە، واتە هەر لایەکیان ئەو ستوونە هەڵبأرێت کە پارێزگاری سلێمانی تیایە، ئەوا لایەنەکەی تر پارێزگاری هەڵەبجەی بەردەکەوێت.  

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی میدیا كەوتوەوە جڤاتی نیشتمانی نیگەرانە لە دواخستنی پێدانی پشكی 24%ی دامەزاروەكانی حكومەتی لەلایەن پارتی‌و یەكێتیەوە لەپارێزگاكانی هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك بە بزوتنەوەی گۆڕان.
جڤاتی نیشتمانی جەختی لەسەر ئەو كردەوە كە لەڕێگەی كۆبوونەوە‌و گفتوگۆكانەوە داوا لە پارتی بكرێت كە پابەندبێت بە 24%ی پشكەكانی گۆڕان لەناو حكومەت‌و ئیدارەكاندا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی جڤاته‌كه‌یه‌ كه‌ دوو مانگ جارێك كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامده‌دات بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی.



PM:02:49:22/11/2014