مەلا بەختیار ژمارەی شەهیدەكانی جەلەولا ئاشكرا دەكات

‌مەلا بەختیار
لەپاش ئازاد كردنی جەلەولا‌و سەعدیە لەدەست چەكدارانی داعش لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ژمارەی پێشمەرگە شەهیدەكان ئاشكرادەكات. كە زۆربەیان بەهۆی مین‌و تەقینەوە شەهید بوون.

لەمبارەیەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی(ی.ن.ک)لەلێدوانێکیدا لەیەکێک لەگەڕەکە ئازادکراوەکانی جەلەولا، ڕایگەیاند: مژدەی سەرکەوتن بەخەڵکی کوردستان دەگەیەنین و بەپێی پلانی تۆکمەی پێشوەخیت پلانی ئازادکردنەوەی جەلەولامان خستە ئێستا، ھەموو فەرماندە و سەرکردەکان بەشدارن لەم ڕووبەڕووبونەوەیەدا و ئازایانە شەڕدەکەن.

مەلا بەختیار، وتیشی: بەداخەوە تائێستا ١٠ پێشمەرگەی قارەمانیش شەھیدبوون و گەیشتوون بەکاروانی نەمران.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند: زۆربەی ئەو پێشمەرگانە بەهۆی ئەو مین‌و تەقەمەنییانەوە شەهید بوون كە چەكدارانی داعش لەپاش هەڵاتنیان لە مۆڵگەكانی خۆیان دایان نابوو.

ناحیەی جەلەولا دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای شاری کەرکوک و سەر بەپارێزگای دیالەیەو لەمانگی ھەشتی ئەمساڵەوە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە(داعش) کۆنتڕۆڵکراوە .



PM:03:30:23/11/2014