"پێدەچێت داعش زانیبێتی هێرش دەكرێتەسەر سەعدیە‌و جەلەولا"

‌کاتی رزگارکردنی جەلەولا
بەرپرسێكی ئەمنی هەرێمی رایگەیاند ئەگەر زۆرە كە داعش بەوی زانیبێت كە پێشمەرگە‌و سوپای عێراق هێرش دەكەنەسەر جەلەولا‌و سەعدیە.

ئەو بەرپرسە كە نەویست ناوی ئاشكرا بكات بە سپی میدیای راگەیاند كە تا ئێستا كەمترین لاشەی داعش لە شەڕی جەلەولا‌و سەعدیە كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە‌و سوپای عێراق، ئەوەش ئاماژەیە كە بۆ ئەوەی كە داعش پێشوەخت هەموو ئامادەكارییەكی كردوە بۆ پاشەكشێ‌و تەنانەت بردنی تەرمەكانیشی.

سەرچاوەكە وتی ماوە 4 رۆژ بەرلەهێرشەكە بە بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق‌و ئەمەریكا بۆردومانی هەردوو شارەكەیان كردوە، شەوی هێرشەكەش هێزی پێشمەرگە تۆپباران بنكە‌و بارەگاكانی داعشی كردوە، ئەمەش ئاماژەن بۆ سەرەتای دەستپێكردنی هێرش، هەربۆیە ئەوانیش هەموو رێوشوێنێكی خۆپاراستنیان گرتووەتە بەر.

سەرچاوەكە وتی: بەو پێیەی چەكدارانی داعش هەردوو شارۆچكەكەیان بەتایبەتی جەلەولا مینڕیژ كردوە ئەوەش ئاماژەیەكی ترە كە داعش زانیویەتی هێرش دەكرێتە سەریان.

سەبارەت بە زیانەكانی چەكدارانی داعش، سەرچاوە ئەمنییەكە بەدووری نەزانی كە دوێنێ كەمترین زیانی گیانی بەرداعش كەوتبێت‌و پێدەچێت زۆر بە رێكخراوەیی لە جەلەولا‌و سەعدیە پاشەكشەیان كردبێت.



PM:02:54:24/11/2014