پێش كۆتایی ئەمساڵ وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

‌ سەفین دزەیی
ئەگەرچی بڕیاربوو پاش رێكەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەڵام سەردانەكە دواكەوت‌و حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت پێش كۆتایی ئەمسال سەردانی بەغدا دەكەن.

لەمبارەیەوە سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە SNN رایگەیاند: نەچوونی وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا، پەیوەندی بە دیاریکردنی کاتێکی گونجاوەوە ھەیەو ھیچ ئاستەنگ و شتێکی شاراوەش لەپشت نەچوونی وەفدەکە نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندی، لە سێ بڕگە پێکھاتووە و یەکێک لە بڕگەکانیش پەیوەندی بە چوونی وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە بۆ بەغدا.

لەبارەی وادەی چوونی وەفدەکەش، سەفین دزەیی وتی: بڕیاروابوو ھەفتەی ڕابردوو سەردانەکە ئەنجام بدرایە، بەڵام سەردانەکە دواکەوت.

ئاشکراشیکرد، حکومەتی ھەرێم لەکاتێکی گونجاودا وەفدی خۆی دەنێریتە بەغداو سەرجەم ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن لە زووترین کاتدا و پێش کۆتایی ساڵی (٢٠١٤) وەفدەکە سەردانی بەغدا بکات.

لەبارەی پێکھاتەی وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دزەیی روونیکردەوە، حکومەتی ھەرێم، حکومەتی سەرجەم دانیشتوان و لایەنەکانی کوردستانە، بەڵام مەرج نییە ئەندامانی سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی حکومەتی تێدابێت، بەڵکو لەو وەزیرانە پێکدێت کە پەیوەندییان بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداوە ھەیە.



PM:08:31:25/11/2014