لەسەر داوای یەكێتی گەریلاكانی هەپەگە جەلەولایان بەجێهێشت

بەرپرسی هێزەکانی هەپەگە لەسنووری مەخمور و کەرکوک رایگەیاند پاش تەواوبوونی ئەرکەکانمان لە شارەدێی جەلەولا لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەڕاوینەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆمان لە باشووری کەرکوک.

لەمبارەیەوە عەگید کەلاری فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG لەسنووری مەخموور و کەرکوک بە (باسنیوز)ی راگەیاند "پاش تەواوبونی ئەرکەکەمان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شارەدێی جەلەولادا، لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێوارەی سێ شه‌ممه‌ 25/22/2014 شارەدێکەمان بەجێهێشتووە و دوایین وێنەی خۆشمان لەکاتی گەڕانەوەماندا لەسەر قەڵای شێروانە گرتووە”.

وتیشی "هێزەکەمان ئێوارەی 22/11/2014 لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەشتنە میحوەری جەلەولا و ئەرکی ئازادکردنی بازگەی دەروازەی شارەدێکە و عەلوەکەیان پێسپێردرابوو، زۆر بەباشی ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێکرد”.

ناوبراو هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە بەشدارنەبوونی هێزەکەیان دەکات لە ئازادکردنی شارەدێکەدا و بۆئەوەش بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کەلەلایەن عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، کاتێک سەردانی میحوەرەکەیان کردووە، پێشوازییان لێکراوە”.

عەگید کەلاری جەختیکردەوە "ئێستا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنین بۆئەوەی بەشداری شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش بکەین لەسنووری تەلوەرد”.



PM:04:31:26/11/2014