یەكێتی سوپاسی هاوكاریی ئێران لەشەڕی جەلەولا دەكات

‌هێزەکانی پێشمەرگە
میدیاكانی یەكێتیی راگەیەندراوێكی سەربازی بڵاودەكەنەوە كە باسی كۆنترۆڵكردنەوەی جەلەولا، سەعدیە و جەبارە دەكات و سوپای هێزی ئاسمانی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران كراوە كە بەچەكی قورس هاوكاریی سەربازی پێشمەرگەیان كردووە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان!
پیشمەرگە قارەمانەكان!
كەسوكاری شەهیدان!

لەدوای رووداوە چاوەڕواننەكراوەكانی پارێزگاكانی نەینەوا، سەلاحەدین، كەركوك، ئەنبارو كارەساتی شەنگال‌و پاشان گرتنی جەلەولا- سەعدیە، داعشەكان‌و هەندێك راگەیاندنی نابەرپرسیار لەناوچەكەو عێراق‌و تەنانەت لەكوردستانیشدا، سەرەتا، هاشوهوشی داعشەكانیان، گەیاندە رادەی ترس‌و بیم بڵاوكردنەوە لەسەر بارودۆخی عێراق‌و كوردستان، لەكوردستانیشدا، زۆرتر ناوچە كێشەلەسەرەكان خرابونە بەر مەترسی. بەڵام، لەدوای ئەوەی، هێزی پیشمەرگە، سیاسەتی بەرگری بە هێرشی رزگاری گۆڕی، هاوكێشە عەسكەریەكان، لەسەر هەموو ئاستی جیهان‌و ناوچەكە، لەبەرژەوەندی هەموولایەك شكایەوە. لەناو كوردستانیشدا، هەلومەرجی بەرەنگاری بوو بە رێبازی چارەنوسسازی دیموكراسی‌و نەتەوەیی. هەربۆیە، بەرە بەرە، پێشمەرگە كەوتنە هیمەت‌و هەڵمەت. لە دوو مانگی رابردودا، لەسەرانسەری كوردستاندا، داعش تێكدەشكێن‌و پیشمەرگە سەردەكەون. لەدرێژەی ئەو سەركەوتنانەی هێزی پیشمەرگە:

لەم هەفتەیەدا، دوو سەركەوتنی گەورەی عەسكەری لە (جەلەولا- سەعدیە 23/11/2014) بەدەستهات‌و هەردوو شارۆچكەكە رزگاركران. ئەمڕۆش (26/11/2014) هێزی پێشمەرگە، بەهاوكاری هێزێكی سوپای عێراق‌و هێزی بەدر، توانییان تەواوی دێهاتی دەوروبەری جەلەولا- سەعدیە، قەرەتەپەو جەبارە، كە لەدوای روخاندنی سەدامەوە، هێزە تیرۆریست‌و بەعسیەكان كردبویانە مۆڵگای تاوان، تەواوی ئەو ناوچانە، هەتا دەریاچەی حەمرین، ئازادو پاك كرانەوە.
ئەم سەركەوتنەی ئەمڕۆ، تەواوكەری سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەیە لە جەلەولاو سەعدیە. هەروەها لەناوچەكانی تریشدا. ئێستا دەشێ‌ بەدڵنیاییەوە جەخت بكەینەوە، كە سنوری ناحیەكانی ئەو ناوچانە، مەترسی تیرۆریان لێ دوورخراوەتەوە. ماوەتەوە پاككردنەوەی مین‌و عەبوەی تەقینەوە، كە بۆ ئەم ئەركەش تیمەكانی ئەندازەیی خەریكن.

جەماوەری كوردستان!

بەم سەركەوتنانە، جارێكی تر هێزی پێشمەرگەو فەرماندە قارەمانەكانیان، سەلماندیانەوە چەند گیانفیدای تەواوی خاكی كوردستانن. هەربۆیە، لەبەرامبەر تاریكپەرستەكاندا، پۆل پۆل پێشمەرگەو فەرماندە گیانیان بەخت دەكەن. جێی خۆیەتی گیانی پاكی شەهیدان ئاسودە بكەین‌و بڵێین:
روحتان شاد بێ‌، چونكە هاوسەنگەرەكانتان، سەركەوتن دوای سەركەوتن بەدەستدێنن. كەسوكارو خەڵكی شارو دێی كوردستانیش سەربەرزن، لەبەرئەوەی بەگیانی رۆڵەكانی ئەوان، كوردستان‌و ئەزمونی فیدراڵی پارێزرا.

لەم سەركەوتنانەدا، فەرمانگەكانی تەندروستی، رێگاوبان، پارێزگاكان، قایمقامیەت‌و ناحیەكانی كوردستان، دەزگای مین هەڵگر.. لەگەڵیاندا، تەواوی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی خەڵكی سلێمانی‌وگەرمیان‌و گەرمەسێر، لە كۆمەك كردن‌و هاوكاریكردنی پێشمەرگەی میحوەرەكانی قەزای خانەقین‌و قەرەتەپەو جەبارە، بێ‌ درێغ خزمەتی پێشمەرگەیان كرد. لەم خزمەتكردنەدا، بێ جیاوازی، دارا و نەدار، دڵسۆزیی خۆیان نواند.

شایەنی باسە، هێزی ئاسمانی عێراق، هاوكاری كاریگەریان لەتەواوی شەڕەكاندا هەبوو، هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێران، لەم سەركەوتنانەدا، هاوكاریەكی بەرچاوی چەكی قورسی شەڕگەكانیان كردووەو لەمبارەوە، سوپاسیان دەكەین.

گەلی ئازادیخوازی كوردستان!

بەم سەركەوتنانە، دەتوانین جەماوەر دڵنیابكەینەوە كە خەبات‌و فیداكاری بەردەوام دەبێت بۆ رزگاركردنی شەنگال‌و یەزیدییە زوڵملێكراوەكان. هەروەها بۆ ناوچەكانی تریش. بێگومان كاتێتی، تەواوی ئەو ناوچانەی لە پارێزگاكانی كەركوك‌و نەینەواو سەلاحەدین‌و هەر شوێنێكی تریش، دوژمنانی نەتەوەكەمان، لەدوای روخاندنی سەدامەوە، كردویانەتە مۆڵگای ژیاندنەوەی شۆڤێنیەت‌و سەلەفیەت، كاتێتی، ئەو ناوچانەش پاك بكرێنەوە، هەتا بتوانین، دوای چەسپاندنی ئاسایشی كوردستان، تەواوی توانامان بۆ جێبەجێكردنی دەستورو چارەسەركردنی كێشە بنچینەییەكانی ئابوری‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی بخەینەكار. تاقە دەستەبەریش، بۆ رزگاركردنی عێراق‌و كوردستان، گەڕانەوەیە بۆ راستەڕێی چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان، بە جێبەجێكردنی مادەی (140)یشەوە.
- سڵاو لە شەهیدە نەمرەكان.

- هەر سەركەوتوو بێ‌ هێزی پێشمەرگە.
- رسوا بن داعشەكان‌و پشتیوانانیان.

میحوەری جەلەولا- سەعدیە                                  میحوەری قەرەتەپە- جەبارە
26/11/2014



PM:04:38:26/11/2014