بەغدا دوای رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێم دەكات

ئەندامێکی وەفدی دانوستکاری نێوان هەولێر و بەغدا باس لە گفتۆگانیان لەگەڵ بەغدا دەکات و دەڵێت "بەغدا داوای لە هەرێمی کوردستان کردوە رۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوت بخاتە نێو بۆریەکانی هەناردەکردنی نەوت".

ئەندامێکی وەفدی دانوستکاری هەرێم کە نەیویستوە ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی روداوی وتوە: حکومەتی ناوەند داوای لە هەرێمی کوردستان کردوە کە لە ساڵی داهاتودا رۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوت بخاتە نێو بۆریەکانی هەناردەکردنی نەوت کە (150) هەزار بەرمیل لە نەوتی کوردستان و (300) هەزار بەرمیلی دیکەش لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک بێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردوە، لە بەرامبەر ناردنی ئەو (450) هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم بۆ بۆریە نەوتەکانی عێراق، ئینجا حکومەتی عێراق بڕی (%17)ی بودجەی گشتی دەداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای دەرکردنی نەفەقاتی سیادی و حاکیمە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پێی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2015) پشکی کورد زیاتر لە (15) تریلۆن دینار دەبێت.

جگە لەوەش حکومەتی عێراق رازیبوە، بڕی (2) تریلۆن دینار لە نەفەقاتی حاکیمە کە پشکی کوردە بداتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەرمان و بەشە خۆراکی هاوڵاتیانی پێبکڕێت.

هەر بە پێی زانیاریەکانی ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستکاری کورد، بەغدا رازیبوە بڕی (3) تریلۆن دینار بداتە ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمدا نەوت دەردەهێنن و بەوەش بەشە بودجەی هەرێم لە ساڵی داهاتودا بەرزدەبێتەوە بۆ (20) تریلۆن دینار.

لەئێستادا هەرێم (320) هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە دەردەهێنێت و (150) هەزار بەرمیلی بۆ بەغدایەو هێشتاش (170) هەزار بەرمیلی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدا دەمینێتەوە کە دەتوانێت بینێرێتە دەرەوە.



AM:10:40:01/12/2014