بەپەلە: خزمەت دەنگ پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن دەدات، بەوانی تری نادات ( نوێکراوەتەوە)

لەکۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە وا بڕیارە پاش کەمێکی تر سازبکرێت، لیستی خزمەت دەنگ بە پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن دەدەن، بەوانی تری نادەن.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئیسلامی بە سپی میدیای راگەیاند" لەهەڵبژاردنی ئەمرۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی دەنگ بە پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەن دەدەن، چونکە هەر لە یەکەم رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە ئەوە ئامانجی خۆیان بووە".

سەبارەت بە پۆستەکانی تر، سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە ئەوان دەنگ بە پۆستی جێگری پاڕیزگار و گۆڕینی بەڕێوەبەرەکان نادەن و سیاسەتی (فیفیتی – فیفتی) قبوڵ ناکەن، چونکە ئەوە هەمان سیاسەتی دەیان ساڵەی نێوان پارتی یەکێتیە کە حوکمڕانێکی ئیفلیجی هەرێمیان پێ کردووە.

ئەو سەرچاوە ئیسلامییە بەدووری زانی کە یەکێتی ئەو هەموو پۆستە بدات بە گۆڕان، هاوکات هەڵوێستی ئیسلامییەکانیشی بەهەڵە ناوزەد کرد" چونکە دەبوایە لستی خزمەت تەنها جەختی لەسەر ئەوە بکردایەتەوە کەگۆڕان و یەکێتی پێویستە لەسەر هەردوو پۆستی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن رێکبکەون و ئەوانی تر بەبەشداری حیزبەکان ئەنجا بدەن، نەک وەک ئێستا نیو بەنیو هەموو دەسەڵاتی پارێزگاکە دابەش بکەن".

ئەمرۆ ١١ کانونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی هەڵبژاردنی پاڕێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن لە بینایەی پاڕیزگای سلێمانی سازدەکرێت.



AM:09:46:11/12/2014