كۆمەڵ ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتوو بە تێكدانی یەكڕیزی نێوماڵی ئیسلامییەكان تۆمەتبار دەكات
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە تێكدانی یەكڕیزی نێو ماڵی ئیسلامییەكان تۆمەتبار دەكات، ئەوەش لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی كە گوتوویەتی كۆمەڵی ئیسلامی پەشیمانبووەتەوە، كە لیستی خزمەت دەنگبداتە گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی پارێزگاری سلێمانی.
محەممەد رەئووف، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ چاپی نوێی هەفتەنامەی (رووداو) رێككەوتنەكەی سلێمانی نێوان گۆڕان و یەكێتی بە دۆڕان بۆ لایەنەكانی دیكە دادەنێ و دەڵێ: "لە رۆژی كۆنفرانسی یەكگرتوو لە سلێمانی بڕیاری كۆتایی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو ئەوەبوو كە ئەندامانی ئەنجوومەن سەرپشك بكرێن بە دەنگدان بە هەر كاندیدێك كە بە باشی دەزانن بۆ پارێزگاری سلێمانی بەبێ هیچ گوشارێك ، دڵنیا بووین كە دەنگەكانیان بۆ گۆڕان دەچێ، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی پەشیمان بوویەوە و سەرینەگرت".
ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو لە بەشێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەدا ئەوەی رەتكردووەتەوە، كە ئێران گوشاری دروستكردبێ دەنگبدرێتە لایەنێكی دیاریكراو و دەڵێ:”ئێران تەنیا ئەوەی گوتووە كە ریعایەتی یەكێتی و دۆخی مام جەلال بكرێ.” و گوشاری نەكردووە دەنگ بە كێ بدرێ.
لە بەرامبەردا فارووق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی سەرسووڕمانی خۆی لەو لێدوانەی محەممەد رەئووف دەردەبڕێ و لە نووسینێكدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وەڵامی داوەتەوەو دەڵێ: "بەندە تووشی شۆك بووم كاتێك دیمانەیەكی مامۆستا محەممەد رەئووفی بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەگگرتووی ئیسلامی كوردستانم بینی گوایا كۆمەڵ رازی نەبووە دەنگ بدرێتە گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی، لەڕاستیدا ئەمە بوهتانێكی گەورەیە بەرامبەر بە كۆمەڵی ئیسلامی، هیوادارم مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی لەو بوهتانە بێدەنگ نەبن".
فارووق عەلی لەو نووسینەیدا ئاماژە بەوەش دەكات كە پێویستە سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی لەو ربارەیەوە هەڵوێستیان هەبێت "لەكاتێكدا ئەم لێدوانە لەكەسێكەوەیە كە لە لوتكەی دەسەڵاتی یەكگرتوودایە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی لەسەرەتای نووسینەكەیدا ئاماژە بە هەوڵەكان بۆ یەكخستنی گوتاری سیاسیی لایەنە ئیسلامییەكان دەكات و لیستی خزمەتی یەكگرتوو و كۆمەڵیش بە "هەنگاوێكی گرنگ" لەوپێناوەدا دەزانێ، بەڵام دەڵێ "ئەمەی مامۆستا محەممەد رەئووف لەگەڵ هەنگاوەكانی هەردوولا یەكناگرێتەوە كە كاری بۆدەكەین لە هەماهەنگی و تەبایی، دڵنیام ئەم لێدوانە قەواعیدی كۆمەڵ نیگەران دەكات و حەقی خۆشیانە، چونكە هەموو كەس دەزانێ كۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی چۆن بووە، بەڵام ئەم مامۆستا بەڕێزە پێچەوانەكەی گوتووە، نازانم چۆن قەناعەتی بەخۆی كردووە ئەو قسەیە بكات، كە دڵنیام جگە لە بەڕێزیان كەس لە یەكگرتوو بەوشێوەیە قسەناكات".
وەك فارووق عەلی ئاماژەی بۆ كردووە، لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامییەوە لەوبارەیەوە "شت هەیە بگوترێت"، بەڵام دەڵێ "لەئێستادا دەیسپێرینەوە بە برایەتی و هاوكاریی نێوان هەردوولا... ئەگەر مامۆستا محەممەد بەردێكی دەرهێنابێ، ئێمە پێویستە بونیادی بنێینەوە".
PM:04:33:15/12/2014