سەرۆکی پەرلەمان، چی بە دایکی سێ شەهید وت؟

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان، لەمەراسیمی ڕۆژی (ئاڵای کوردستان و دایک)دا، ئاڵای کوردستان لەلایەن(عائیشە تەها) دایکی هەر سێ برای شەهید(ئەحمەد، مەولود، نەجات)عوسمان هەڵکرا.

دواتریش سەرۆکی پەرلەمان ئاڵای کوردستان و لۆگۆی نەبەردی و ئازایەتی بەخشی بە دایکی سێ برای شەهید.

لەمەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکەدا، د.جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان ئامادەبوون.
 د.یوسف محەمەد سادق، وتی :"شەرەفێکی گەورەیە دایکێکی کورد نازناوی دایکی شەهیدان وەربگرێت. دایکێک سێ کوڕی لەیەک ڕۆژدا لە پێناوی کوردستاندا شەهید بکرێن، ئەم نەبەردییە و میهرەبانییە تەنها لە دایکی کورد دەوەشێتەوە."

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان بۆ دایکی شەهیدان، وتی" شەهیدبوونی سێ کوڕی تۆ بەیەکەوە، تەنها لەداستانە گەورەکانی مێژوودا وێنەی هەیە. هەربۆیە نەک بە تەنها ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵکو هەمو کورد و ئازادیخوازانی دونیا شانازیتان پێوە دەکات و نازناوی دایکی شەهیدانتان وەرگرتووە."

دواتر سەرۆکی پەرلەمان دیاری پەرلەمانیان بەخشییە دایکی شەهیدان.

(عائیشە تەها) دایکی هەر سێ پێشمەرگەی شەهید(ئەحمەد، مەولود، نەجات)عوسمانە، کە لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە زوومار بەدەستی تیرۆرستان شەهیدکران.



PM:11:04:17/12/2014