پەرلەمانتارێك داوای گەڕانەوەی 41 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەكات

‌پەرلەمانی عێراق
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا دەكات بڕی 41 ملیار دۆلار كە لەلایەن حكومەتی مالیكی بۆ كڕینی چەك لەئەمەریكا‌و باقی وڵاتان سەرف كراوە، بۆ خەزێنەی حكومەتی عێراق بگەڕێتەوە

"حاكم زوملی" سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەمنی‌و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە تەشەنەسەندنی توندوتیژیییەكان بەهۆی نەگەیشتنی چەكی پێشكەوتوو بۆ سوپای عێراق هۆشداری دەدات.

ناوبراو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر ئەوكردەوە دەبێت گرێبەست لەنێوان عێراق‌و وڵاتانی پێشكەوتوو ببەسترێت بۆ كڕینی چەك‌و كەرەسەی پێكەوتووی سەربازیی‌و سیخوڕی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق.

زوملی كە سەر بەتەیاری سەدرە، هەروەها خوازیاری ئەوە بوو بڕی 41 ملیار دۆلار كە بەوتەی ئەو بۆ پڕچەككردنی سوپای عێراق بە فیرۆ چووە، بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێتەوە.

بەوتەی ئەو، ئەم بڕە پارە بۆ گرێبەستانە خەرج كراوە كە حكومەتی مالیكی لەگەڵ ئەمەریكا‌و روسیا‌و چین‌و كۆریای باشور ئەنجامیداوە بۆ كڕینی چەك بەڵام تا ئێستا هیچی لەو چەكانە نەگەیشتوون.

بەپێی گرێبەستێكی حكومەتی پێشووی عێراق‌و ئەمەریكا، ویلایەتە یەكگرتوەكان دەبێت فرۆكەی جەنگی ئێف 16، كۆپتەری ئاپاچی‌و كەرەسەی پێشكەوتووی سەربازیی بە سوپای عێراق بدات كە تا ئێستا ئەو گرێبەستە جێبەجێ نەكراوە.



PM:02:13:18/12/2014