بێگەرد تاڵەبانی داوای روونكردنەوە لە عەلی باپیر دەكات
بێگەرد تاڵەبانی
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی لەنامەیەكی كراوەدا ئیسلامی سەبارەت بە مافەكانی ژنان داوای روونكردنەوە لە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكات.
بێگەرد تاڵەبانی لەنامەكەیدا دەنوسێت "بەپێی زانیاریەكانم باجێكتان داناوە لەسەر موچەی پەرلەمانتارەكانتان كە تا ئێرە دەسەڵاتی خۆتانە، بەڵام ئەوەی سەرسوڕمانی دروستكرد لای من ئەوەیە كە باجی ژنە پەرلەمانتارەكانتان دوو ئەوەندەی باجی پەرلەمانتارە پیاوەكانتانە".
دەقی نامەكە بخوێنەرەوە
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز/ مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی
بەڕێز...
لەڕێگەی ئەم نامەیەوە دەمەوێت دوور لەسیایەت بەڵکو وەک ژنێک بۆ داکۆکی کردن لە ھاوکارانم کە لەسەر لیستەکەی بەڕێزتان ئەندامی پەرلەمانن داوای روونکرنەوەت لێ بکەم.
وەک دەزانین ھەموو پارتێکی سیایی مافی خۆیەتی بەپێی چ یاساو رێسایەک مامەڵە لەگەڵ ئەندامەکانی دەکاتو کاروباری حزبی خۆی رێک دەخات.
بەپێی زانیاریەکانم باجێکتان داناوە لەسەر مووچەی پەرلەمانتارەکانتان کە تا ئێرە دەسەڵاتی خۆتانە بەڵام، ئەوەی سەرسوڕمانی دروستکرد لای من ئەوەیە کە باجی ژنە پەرلەمانتارەکانتان دوو ئەوەندەی باجی پەرلەمانتارە پیاوەکانتانە بۆیە دەپرسم....
١) ئایا ئەم جیاوازیو نایەکسانیە لەسەر بنەمای چ پێوەرێک سەرچاوەی گرتووە؟! چونکە لەزۆرێک بۆنەو وتارەکانتاندا بەراوردێک لەنێوان دۆخی ژنان لەوڵاتە ئیسلامیەکانو خۆرئاوادا دەکەن خۆتان دەڵێن (ژنان ھەمان کاری پیاوان دەکەن بەڵام، لەمافەکانیاندا نایەکسانن چونکە ھەمان مووچەی پیاوان وەرناگرن!!!) ئایا ئەو بڕیارەی بەڕێِزیشتان جیاوازیەکەی لەگەڵ وڵاتانی خۆرائاودا لەکوێ یەو لەکوێی ئەو دادگەریو مافەدایە کە خوای گەورە پێی بەخشیون.
٢) ئایا باوەڕی جەنابتان وایە کە پێداویستی ژیانی خێزانی ژنێک نیو ئەوەندی ژیانی پیاوێکە (ئەگەر پاساوتان ئەوەیە کە ئەم ژنە ژنی پیاوێکی خاوەن مووچەیە لەوانەیە پیاوەکانیش ژنەکانیان خاوەن مووچە بن) لەم روانگەیەوە یەکسانی بەڕێزتان لەکوێدایە؟
٣) بەڕێزتانو فراکسیۆنەکەتان لەپەرلەمانی کوردستان بەرپرسیارەیەتی لیژنەیەکتان پێ دراوە کە چاوی کەمو کورتیو ناعەدالەتی ھەموو کەسو حزبێک بەزیادەوە دەبینێ ئەی بۆ ئەم پێشێڵ کردنەی مافی خوشکەکانیان نابینێت کەلەناو گشت پەرلەمانتارنو حزبە سیاسیەکانو لەناویشیاندا حزبێکی ئییسلامی وەک مرۆڤەکەی بەرامبەریان کە پیاوە نابینرێت ئەمانە ھەمووی لەکوێی وتارو یەکسانیو پەیامەکانی بەڕێزتاندان کە بانگەشەیان بۆ دەکەن.
لەگەڵ ڕێزدا...
بێگەرد تالەبانی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
PM:04:13:18/12/2014