سەرۆکی پەرلەمان: کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ دژایەتی هیچ وڵاتێکی دراوسێ نییە

د.یوسف محەمەد سادق، رایگه‌یاند ئێستا کاتی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە، به‌پێویستی‌ ده‌زانێت هه‌موو لایه‌ك جیاوازییەکان وەلا بنێرێنن‌و تەنها لە خەمی سەرکەوتنی ئەو کۆنگرەیەو یەکخستنی هێزە کوردییەکاندا بن.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، پێشوازی له‌ شاندێکی باڵای کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) كرد بەسەرۆکایەتی فەرحان ئامارا نوێنەری کەچەکە لە کوردستان.

سەرۆکی پەرلەمان دوای بەخێرهاتنی شاندی میوان، باسی ڕۆڵ و هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ نزیککردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، داوایکرد لایەنەکان بەدوای خاڵە هاوبەشەکان بگەڕێن و جیاوازەکانیان وەلا بێن.

لەبارەی هاوکاری لایەنەکان، سەرۆکی پەرلەمان، وتی "لە شەڕی ڕووبەڕوبونەوەی داعش، هاوکاری پارچەکانی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان، چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، پەیامی یەکێتی نەتەوەیی بوو لە نێوان پارچەی کوردستان، دەبێت ئەو پەیامەش  بە هەمو لایەک بگات".

جه‌ختیكرد کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ دژایەتی هیچ وڵاتێکی دراوسێ نییە، بەڵکو بۆ ئاشتی و ئارامییە لە ناوچەکەدا.

شاندەکە، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کردو هەوڵەکانی پەرلەمانیان بۆ سەرخستن و سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەرز نرخاند، داوایان لە پەرلەمان کرد، وەک مەرجەعی سەرەکی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانیان لەو بوارەدا چڕ بکەنەوە.

لەبارەی قۆناغەکانی ئێستای کۆنگرەی نەتەوەییش، شاندەکە ئاماژەیان بەوەدا، ئەوان ئامادەن بۆ سەرخستن و نەهێشتنی لەمپەرەکانی بەردەم کۆنگرەکە، هەرچی پەیوەندی بەوانەوە بێت جێبەجێی بکەن.



PM:01:58:22/12/2014