لە جەلەولا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوە

گۆڕێکی بە کۆمەڵ دوێنێ ٢٤ کانونی یەکەم لەجەلەولا دۆزرایەوەو پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٢٠ تەرمی تێدابێت کە هەندێکیان پێشمەرگە بن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند "لە ناوچەی کوباشی لە باشوری رۆژهەلآتی جەلەولا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە قوربانی دەستی چەکدارەکانی داعشن و پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٢٠ تەرمی تێدا بێت".

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەندێک لەو قوربانیانە ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو پێشمەرگانە بن کەخەڵكی شارەکە بن، بەلآم پێش ئەم شەڕەی داعش چەکیان دانابوو لەناو، شارەکەدا وەک هاولآتی دانیشتبوون، بەلآم دواتر داعش دەستگیریکردبوون و کوشتووبوونی و لەگەڵ چەندین هاولآتیدا لە ناوچەی کوباشی کردبوونی بەژێر خۆڵەوە".

ئەمە دووەم گۆڕی بە کۆمەڵە کە بەدەستی داعش کوژرابن لە ناوچەی جەلەولاو سەعدیە بدۆزرێنەوە، لەسەرەتایی رزگارکردنی هەردوو شارەکەدا گۆڕێکی تری بە کۆمەڵ دۆزرایەوە کە تەرمی ١٨ قوربانی تێدابوو.



PM:12:29:25/12/2014