"هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خۆی لە پارتی نزیک دەکاتەوە"

‌هێرۆ ئیبراهیم
سەرچاوەیەكی ئاگادار رایگەیاند هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند هەنگاوێکی هاویشتووە بۆ نزیکبوونەوە لە پارتی دێموکراتی کوردستان.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی باسنیوزی نزیك لە مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی راگەیاند: ”دەرکەوتنی دوێنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین دەرکەوتنی بوو لەگەڵ گەورە بەرپرسێکی پارتی و بە سەرەتایی نزیک‌بوونەوەی دادەندرێت لە پارتی".


بەپێی هەواڵەكەی باسنیوز: ”هێرۆخان، ماوەیەک بوو خۆی لە دەرکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و بەشداری‌کردن لە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەدوور گرتبوو، لە چەندین بۆنەشدا ئامدەی نەبووە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دابنیشێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکارشیکرد: ”تەنانەت لە سەردانەکانی وەفدەکانی پارتی بۆ سلێمانی و چوونی نێچیرڤان بارزانیش بۆ سلێمانی، هێرۆخان لە دیدارەکان خۆی دوورەپەرێز دەکرد و بەشداری کۆبوونەوە و دیدارەکانی نەدەکرد". هەروەها ”چەندین جار نێچیرڤان بارزانی، گلەیی ئەو دووڕەپەریزیی بە قوباد تاڵەبانی راگەیاندووە، بەڵام هێرۆخان سووربوو لەسەر ئەو هەڵوێستەی".

سەرچاوەکەی باسنیوز باسی لەوەش کرد: ”نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، چەندین جار هەوڵی داوا کە هێرۆخان و پارتی لەیەک نزیک‌بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو سارد و سڕییە لە نیوانیان نەمێنێت و چەند جارێکیش داوای لە هێرۆخان کردووە بۆ نزیک‌بوونەوە لە پارتی، بەڵام ئەو هەر نەچووە ژێر باری ئەو داوایانە".

ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەکات: ”هەربۆیەش پارتی بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی دەکرد، کە گەورە بەرپرسێکی حکوومییە، نەک جێگری سەرۆکی حکوومەت بێت".

سەرچاوە تایبەتەکەی باسنیوز ئاشکراشی‌کرد: ”ماوەیەکە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئاراستەکەی گۆریووە و دەیەوێت خۆی لە پارتی نزیک بکاتەوە، بۆ ئەوەش چەند هەنگاوێکی لەو بوارەدا ناوە، یەکێک لەو هەنگاوانەش، دوورخستنەوەی لەتیف زێباری، کۆنە موستەشاری رژێمی بەعس بوو لە سنووری قەڵەمرەوی یەکیتی. هەناگوێکی دیکەش خۆی بێدەنگ کردن و بێبەری‌کردن لە لێدوانەکانی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، لە بارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان". سەرچاوەکەی باسنیوز باسی لەوەش کرد، دەرکەوتنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، لە مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، کە دوێنێ لە هۆتێل دیڤان ئەنجام درا، سەرەتایی نزیک‌بوونەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە لە پارتی.

سەرچاوەکەی باسنیوز ئاشکراشی‌کرد: ”هێرۆخان دەیەوێت لە ریگەی ئەو نزیک‌بوونەوەیە، کارتی پارتی لە دەستی هەردوو جێگرانی سکرتێری گشتی دەربهێنێت، بەتایبەت کە بەردەوام وانیشان دەدرا، کە کۆسرەت رەسووڵ عەلی و بەرهەم ساڵح، لە پارتی نزیکن".

 ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش‌کرد، کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە خۆ نزیک‌کرندەوەی لە گۆڕان و سازش‌کردن لەسەر دابەش‌کردنی پۆستەکانی پارێزگاری سلێمانی، تونای دەسەڵاتی خۆی لەنێو یەکێتی پتەوتر بکات و کاریگەری جێگرەکانی سکرتێری گشتی و ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییانەی پشتگیریان دەکەن کەمبکاتەوە. بەهەمان شێوەش دەیەوێت بە نزیک‌بوونەوەی لە پارتی، بە تەواوەتی کاریگەری ئەوان کۆتایی پێبێنێت و قەڵەمڕەوی خۆی لەناو یەکێتی بە تەواوەتی بچەسپێنێت.

سەرچاوەکەی باسنیوز دووپاتی لەوەکردەوە ”لەماوەی داهاتووش، هێرۆخان زۆرتر لەجارن لە کۆبوونەوەکان نێوان یەکیتی و پارتی و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەردەکەوێت، چونکە کار لەسەر نەهێشتنی کاریگەری جێگرانی سکرتێری گشتی دەکات و دەیەوێت بە تەواوەتی زاڵ بێت بەسەر جومگە سەرەکییەکانی یەکیتی، بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستەشی، هەست دەکات پێویستی زۆری بە پارتی هەیە، هەر بۆیەش خۆیان لە لێدوانەکانی مەلا بەختیار بەدوورگرت و پشتگیریان نەکرد، بە پارتیشییان راگەیاندووە کە ئەو لێدوانانە تەعبیر لەوان ناکات و پشتگیری لە هەنگاوەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".



PM:01:40:31/12/2014