زیندانییەكی سیاسی كورد لە ئێران لەسێدارە درا

‌سابیر موخەلید موانە
سەرلەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە بەندكراوێكی سیاسی كورد لە زیندانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارە درا.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "زاگرۆس پۆست" (سابیر موخەلید موانە) زیندانی سیاسی كورد دوێنێ دووشەممە رەوانەی ژووری تاكەكەسی كرابوو و سەرلەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا.

ئەو زیندانییە سیاسیە لە رێكەوتی 20ی پووشپەڕی ساڵی 1391ی هەتاوی، لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر دەكرێت‌و پاش سێ مانگ دەستبەسەر بوون لە گرتووخانەی سوپا، بە تۆمەتی موحارەبە لە پەیوەندی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردیەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی بە ئیعدام مەحكوم كرا و دواتریش لە دادگای پێداچوونەوەدا ناوبراو بە تومەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی‌و هاوكاری كردن لەگەڵ یەكێك لە حیزبەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی حوكمی ئێعدامەكەی پەسەند كرا.

جێگەی ئاماژەیە ئەو زیندانییە سیاسیە كوردە لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا لەگەڵ 27 زیندانی سیاسی كوردی دیكە لە بەندی 12ی زیندانی ناوەندی ورمێ، لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی زیندان‌و دابین نەكردنی بەندێك بۆ زیندانیانی سیاسی، بۆ ماوەی 33 رۆژ دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن



PM:01:24:06/01/2015