دووەم بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی لە سلێمانی دەستی لە کارکێشیەوە

د.فەرهاد حاتەم بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی دەستی لە کارکێشەیەوە، پێشتریش ناز نوری بەڕێوەبەری پێشوو دەستی لە کارکێشایەوە.

لە نامەیەکدا کە بۆ وەزیری دادو سەرۆکی داواکاری گشتی ناردووەو داوای قبوڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەکەی دەکات لەبەر کۆمەڵیک هۆکار کە پەیوەندیان "بەگەندەڵیەوە" هەیە.

لەنامەکەیدا د. فەرهاد حاتەم ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەوە کە فەمانگەکەیان گرتوویەتە بەر بەسەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ خەزێنەی دەوڵەت گێڕاوەتەوەو چەندین دۆسیەی گەورەو گرنگیان وروژاندووە بەرامبەر کەسانێک کە لە سەرۆک وەزیرانەوە تا پارێزگاو بەڕیوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی تیایە.

بەڕێوەبەری فەمانگەی گشتی پێیوایە سەرباری ئەو کارانە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نەبوون.

سەبارەت بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی ناوبراو ئاماژە بۆ هەشت خاڵ کردووە، یەکەمیان باس لەوە دەکات "کە تا ئێستاو لەهەموو كابینە یەك لەدوا یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بنەمای (كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو) پەیڕەو ناكرێت".

( نازانرێت لێرەدا مەبەستەکە گشتیە، یان ئەو کەسانەی سەرو خۆیەوە دەگرێتەوە کە پەیوەندیان بە کاری داواکاری گشتەیەوە هەیە).

لەخاڵی دووەمدا باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتی داواکاری گشتی سنوردار کراوەو دەڵێت" بەپاساوی جۆراوجۆر یاساکە دەرنەكراوە لە حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان لە دوو دەیەی رابردوداو ئەمەش بۆتە هۆی بەردەوامبونی گەندەڵی‌و سەرهەڵدانی دیاریدەی مەترسیدار لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی". 

لەسەر رەخنەکانیشی بە راشکاوانە دەڵێت "پشكی شێری ڕەخنەكانمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەت دەكەین، چونكە هەموو بەڵێنیان دا كەچاكسازی ڕیشەیی لەم بارەیەوە بكەن."

پاشان فەرهاد حاتەم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە کوردستان هەموون بەرامبەر یاسا یەکسان نین و دەڵێت"هەوڵ‌و ماندوبونی ئەندامانی داواكاری گشتی لەئاشكراكردنی دۆسیەكان‌و جوڵاندیان سكاڵای سزایی‌و هەروەها ماندوبونی دادوەران لەدەركردنی بڕیاری گونجاو لەسەر ئەو دۆسێیانە تەنها (حبر علی الورق) بمێنێتەوە‌و لەسەر زەمینەی واقیع ئاسەوارێكی ئەوتۆ نەخاتەوە بەتایبەت بەرامبەر ئەو كەسانەی كەئاستێكی بەرپرسیارێتی دیرایكراویان هەیە".


لەنامەکدا رەخنەی توند لە دەزگای جێبەجێکردن دەگرێت كە فەرمانی دادگا رادەگرێت لە گرتنی تۆمەتبارانی بەرپرسداو نمونەش دۆسیەی قائیقامی قەزای شارەزورە كە تۆمەتبارە بەماددەی (315) لەیاسای سزادانی عێراقی بەتۆمەتی ئیختیلاس بەبڕی (1,500,000) یەك ملیۆن‌و پێنج سەد هەزار لیتر گاز.
 
هەروەها ئاماژە بۆ کەیسی موستەشارەكان كەتۆمەتبارن بەتاوانی لەناوبردنی بەكۆمەڵ (جینۆساید) ئەنفال- بڕیارنەدان لەسەر كەیسی خانەنشینی نایاسایی كەبەسەدان هەزار دۆلار مانگانە بەهەدەر دەدرێت- ڕێخۆشكردن بۆ دیاردەی زیادەڕەوی‌و چارەسەرنەكردنی- چارەسەرنەكردنی ڕیشەیی كێشەی داگیركردنی موڵك‌و ماڵی گشتی- تاپۆكردنی هەزارەها دۆنم زەوی لەسەر كەس‌و لایەن‌و ڕێكخراو‌و كۆمپانیا بەدەر لەیاسا- كڕینی سەدان ئۆتۆمبێل بۆ بەرپرسەكان لەپارەی غەراماتی سەرپێچی مروری كە بەپێچەوانەی یاسا كراوەو سەدان ملیۆن دیناری تێدا بەهەدەر دراوە".

لە خاڵێکی تردا رەخنە لەبڕیارەكانی لێبوردنی گشتی دەگرێت لەنێوان ساڵانی 1998 بۆ 2012 دەركراوە کە ژمارەیەکی زۆر تاوانباری گەورە لەسایەی ئەو لێبوردنانەدا ئازادکراون.

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی ساڵی 2012 وەک باسی دەکات سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردوەو داوایلێكرون پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی تاوانی بەهەدەردانی سامانی گشتی نەگرێتەوە، چونكە بەو هۆیەوە سەدان  دۆسیە دادەخرێت، بەڵام پەرلەمانیش گووێی لێ نەگرتووەو لەبری دەست خۆشی‌و سوپاسكردنمان، بەكەمتەرخەممان داناون.

لە خاڵێکی تردا دەڵێت "زۆرێك لەگەندەڵیەكان لەڕێگەی یاساوە ئەنجام دەدرێت، بۆ نمونە یاسای وەبەرهێنان كە بەئاشكرا ڕێخۆشكەرە بۆ دەوڵەمەندبونی وەبەرهێن لەسەر حسابی میللەت‌و موڵكی گشتی بێئەوەی یاساكە هیچ ڕێوشوێنێكی دیاریكردبێت بەرامبەر بەسەرپێچیكاران، لەم بارەیەشەوە دەزگاكەمان دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نیە تا لەم بوارەدا كاری پێویست ئەنجامبدات".
 
لەدوا خاڵدا دەڵێت " كاتێك گەندەڵی كەسێك ئاشكرا دەبێت‌و لەپۆستەكەی دوردەخرێتەوە ئەوا حزبەكەی پاكانەی لێدەكات‌و خۆی لێ بێبەری دەكات‌و تەنانەت كەسە نزیكەكانیشی بەشەرمەوە باسی دەكەن، كەچی بەداخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا بارەكە پێچەوانەیەو هەركەسێك بەتۆمەتی گەندەڵی درابێتە دادگا یان لێپێچینەوەی لەگەڵ كرابێت لەلایەن دەزگاكەمانەوە، ئەوا لەلایەن حیزبەكەی‌و فراكسیۆنەكەی‌و ئەو وەزارەتەی كەسەر بەحزبەكەیەتی بەشێوەیەكی نەشیاو دەكەونە ڕەخنەگرتن‌و تانەدان لەدەزگاكەمان‌و بەرگری كردن لەو بەرپرسەیان، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئە وئاستەی كە سەر لە جەماوەریش بشێوێنن‌و گومانیان بۆ دروستبكەن لەسەر ڕاستی‌و دروستی كارەكانی ئێمەو وایانلێبكەن كە پاڵپشتی گەندەڵكاران بكەن".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی لە کۆتاییدا سوپاسی جەماوەری سلێمانی بەگشتی‌و ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاكاران بە تایبەتی دەكات "هەمیشە پاڵپشت‌و هاندەری بەردەواممان بوون لە كارەكانماندا".
لە ساڵی ٢٠١١شدا ناز نوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتی لە سلێمانی لەگەڵ دروستبوونی چەند کێشەیەکی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی، بەتایبەتی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا دەستی لە کارکێشەیەوە.

دەقی نامەکەی د. فەرهاد حاتەم سەرەتا لە رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکرایەوە



PM:01:42:08/01/2015