دووانەیەك هەموو شتێكیان وەكو یەكە

چیرۆكی ژیانی ئەو منداڵانەی دووانەن (جمكن) و پێكەوە لەدایك بوون، سەرنجڕاكێشن، بەڵام رەنگە هیچكام لەو چیرۆكانەی تا ئێستا بیستوومانن، بەقەد چیرۆكی ژیانی دوو برای دووانەی دانیشتووی قەزای سەید سادق سەرانجڕاكێش نەبووبێت. 
ئەم دوو برایە لە منداڵیەوە تا ئێستا وەك یەك جلوبەرگ دەپۆشن و بە هەردووكیشیان یەك ئەكاونتیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا هەیە، هەروەها پۆلی دوازدەیەمی ئامادەییان پێكەوە لە قوتابخانەیەك و لە ساڵێكدا تەواو كردووە و هەردووكیشیان یەك نمرەیان بەدەست هێناوە و لە یەك بەشی زانكۆی سلێمانیشدا ناویان گەڕاوەتەوە، لەیەكچوونی ئەو دوو برا دووانەیە بە رادەیەكە كە جیا لە مامۆستاكانیان، زۆر جار ئەندامانی خێزانەكەشیان نایان ناسنەوە. 
سۆران عەبدوڵڵا گەنجێكی تەمەن 20 ساڵی دانیشتووی سەید سادقە، لەگەڵ برایەكی دیكەیدا كە ناو نراوە گۆران، رۆژی 17/6/1994 لە گوندی (خڕنوك)ی سەر بە قەزای پێنجوێن لەدایك بوون. 
سۆران بە (باس)ی راگەیاند: "لەبەرئەوەی جمك بووین، هەر لە منداڵیەوە هەموو جلوبەرگ و شتەكانمان وەكو یەك بووە، باوكم هەمیشە كە شتێكی بۆ یەكێكمان كڕیبێت، هەمان شتی بۆ ئەوەكەی دیكەشمان كڕیوە و هیچ جیاوازیەكی لەنێواندا نەكردووین، كە گەورەش بووین بڕیارمان داوە هەموو شتەكانمان وەكو یەك بێت”. 
سۆران و گۆرانی برای ئەمساڵی 2014 پێكەوە دوای دوو ساڵ كۆششكردن پۆلی دوازدەیەمی ئامادەییان لە ئامادەیی كوردستانی نوێ تەواو كردووە و پاش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی وزاری، هەردووكیان لە بەشی ماتماتیكی فاكەڵتی زانست و پەروەردە زانستەكانی زانكۆی سلێمانی وەرگیراون. 
سۆران ئاماژە بەوەش دەدات: "ئەگەرچی لە دوو هۆڵی جیاواز تاقیكردنەوەمان ئەنجام داوە و من 3 وانەم ماوەتەوە بۆ خولی دووەم، بەڵام كۆنمرەی هەردووكمان وەكوو یەكە و 582 نمرە بووە و پێكەوەش لە یەك بەشدا لە زانكۆی سلێمانی ناومان دەرچووە”. 
ئاشكراشی كرد: "لە پۆلی یەكی سەرەتاییەوە تا ئێستا لەسەر یەك رەحلە دانیشتووین لە قوتابخانەدا، ئێستاش لە زانكۆ لە یەك گرووپداین و بڕیارمان داوە لەوێش پێكەوە دابنیشین”. 
دووانەكان لە ڕووی ناسینەوەوە گرفتیان بۆ دەروبەریان دروست كردووە، سۆران لەو ڕووەوە ئاماژە بەوە دەدات: "مامۆستامان هەبووە 3 ساڵ وانەی پێ گوتووینەتەوە نەیزانیوە كاممان سۆران و كاممان گۆرانین، خوانەخواستە ئەگەر فێڵێكیشمان لێ كردبێ بەسەریدا رۆیشتووە و پێی نەزانیوین و هەندێ جاریش لە پۆلدا لەجێی یەك هەستاوین”. 
سۆران و گۆران دووانەی دووبرا و دوو خوشكی دیكەن لە خێزانەكەیاندا، زۆر جار ئەندامانی خێزانەكەشیان ئەو دووانەیەیان پێ لە یەك جیا ناكرێتەوە. 
سۆران روونی كردەوە: "لەم رۆژانەدا برایەكم لە زانكۆ گەڕایەوە بەخێرهاتنەوەم كرد، زۆر سەیری كردم وتم ئەوە بۆچی وا سەیرم دەكەی، وتی وەڵا نازانم سۆرانی یان گۆرانی، هەندێ جار باوكیشم كە قسەمان لەگەڵ دەكات لە یەكمان ناكاتەوە، لەم رۆژانەدا بە گۆرانی برامی گوتبو بڕۆ بازاڕ هەندێ شت بكڕە، دواتر كە منی بینی گوتی كوا بۆ شتەكانت نەهێناوەتەوە، پێم گوت شتی چی؟ دەیوت ئەی من بە تۆم نەگوتوە بڕۆ بازاڕ هەندێ شت بكڕە؟”. 
خۆشەویستی و پەیوەندیی نێوان ئەو دوو برا دووانەیە بە شێوەیەكە كە هەمیشە پێكەوەن. 
سۆران بۆ (باس) ئاشكرای كرد: "بەنیازین یەك مۆڵەتی شۆفێریش دەربكەین بۆ هەردووكمان، هەركات من كارم هەبوو لەگەڵ خۆمدا هەڵی بگرم و هەركات گۆرانی براشم كاری هەبوو لەگەڵ خۆیدا هەڵی بگرێ”. 
سۆران درێژەی دایە: "جارێك دایكم بە منداڵی لەجێی ئەوەی لە هەردووكمان بدات لێی تێكچووە دوو جار لە منی داوە تا پێم نەگوتووە نەیزانیوە”. 
سۆران و گۆران پێكەوە یەك ئەكاونتیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا هەیە، لەوبارەیەوە سۆران ئاماژە بەوە دەدات: "تا ئێستا هەموو شتیكمان وەكوو یەك بووە لەگەڵ براكەمدا، بۆیە بڕیاریمان دا بە هەردوزكیشمان یەك فەیسبووكمان هەبێت، چونكە برادەرەكانیشمان برادەری هەردووكمانن، برادەری جیاوازمان نییە، ئەوەی برادەری ئەو بێت، برادەری منیشە و بە پێچەوانەشەوە”. 
سۆران جەخت لەوە دەكاتەوە: "تا ئێستا هەموو شتێكمان لە ژیانماندا وەكو یەك بووە و هیچ جیاوازییەكمان نییە، مەگەر لە ڕووی فكرەوە جیاوازیمان هەبێت، بۆیە بڕِیارمان داوە گەر بۆمان رێك بكەوێ و دەستمان بكەوێ پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ دوو خوشكی دووانەدا ئەنجام بدەین و لە یەك رۆژیشدا پرۆسەكە بە ئەنجام بگەیەنین”. 



PM:02:15:11/01/2015