عەلی حەمەساڵح 4 سکاڵای لەسەر گەندەڵی لەلای نەزاهە تۆمار کرد

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمەساڵح، 4 سكاڵای لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی ئاراستەی دەستەی نەزاهە كردووە، كە سێ سكاڵایان لەبارەی بەهەدەردانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانە و دانەیەکی تریشیان  لەسەر كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک عەلی حەمە ساڵح  پەرلەمانتاری گۆڕان بڵاویکردۆتەوە کە سكاڵای یەكەمیان داوا لە دەستەی نەزاهە دەكات رێگەچارەی یاسایی بگرنەبەر لەبارەی خەرجنەكردنی پارەی گەشەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2012 و دیاریكردنی چارەنووسی ئەو پارانە چیان لێهاتووەو لە کوێن. لە سكاڵاكەدا هاتووە :لەساڵی 2012، 205 ملیار و 734 ملیۆن دیناری پرۆژەكان ماوەتەوەو خەرجنەكراوە، کوان چیان لێهاتووە".

پرسی دووەم کە سکاڵای لەسەر تۆمارکردووەو ئاراستەی نەزاهەی کردووە، داواكاریی بەدواداچوونە بۆ پارەی ونبووی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی لەساڵی 2012 و زیادەڕویكردن لە خەرجكردنی پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك. ئەو پەرلەماتارە دەڵێت "لەو ساڵەدا 54 ملیارو 832 ملیۆن دینار تەمویلكراوە و ماوەتەوەو خەرجنەكراوە، هەروەها لەساڵی 2013، 54 ملیار دینار بەهەمانشێوە خەرجنەكراوە. چییان بەسەر هاتووە".
لە بڕگەیەکی تردا ناوبراو دەڵێت" لەبارەی خەرجنەكردنی پارەی پرۆژەكانی ساڵانی 2012 و 2013، كە ئەمەیان لەسەر بەرپرسانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنە و داوا لە دەستەی نەزاهە دەكات رێگەچارەی یاسایی بۆ بگرێتەبەر، چونكە وەك لە سكاڵاكەدا هاتووە ئەو پارە خەرجنەكراوانە نەگەڕێنراوەتەوە سەر بودجەی ساڵی دواتر".

ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە  "لەساڵی 2012، دوو ترلیۆن و 83 ملیار دیناری پرۆژەكان خەرجنەكراوە، هەروەها لەساڵی 2013، دوو تریلیۆن و 351 ملیار دینار بەهەمانشێوە خەرجنەكراوەو نەشگەڕاوەتەوە سەر بودجەی ساڵی 2014."
لەسەر كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە سەبارەت بە كورتهێنان. عەلی حەمە ساڵح دەڵێ "حكومەت لەساڵی 2012ەوە ساڵ بە ساڵ كورتهێنانی هەبووەو سووڕاندوویەتی بۆ ساڵی دواتر، گوژمەی كورتهێنانیش لە نەختینەی بانكەكان راكێشراوە كە پارەی هاووڵاتیان و كۆمپانیا و دەزگا ناحكومییەكان بووە".




PM:12:11:13/01/2015