رونكردنەوەی عەدنان كەریم لەسەر وەرگرتنی چوار دەفتەر دۆلار

‌عەدنان كەریم
عەدنان كەریم، هونەرمەندی ناسراوی كورد پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەرگرتنی 4 دەفتەر دۆلار لە رێوڕەسمی یادی هەڵەبجە هونەرمەندی ناسراوی كورد عەنان كەریم روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.

دەقی روونكردنەوەكەی عەنان كەریم كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە:

سەرۆکی هەرێم ، سەرۆکی حکومەت ، سەرۆکی پەرلەمان.
سڵاوتان لێبێ


من هونەرمەندێکم سیوپێنج ساڵە خزمەت بە هونەری وڵاتەکەم ئەکەم ، ئێستاش مامۆستام لە زانکۆی سلێمانی وانەی هونەر دەڵێمەوە ، چونکە ئەگەر کارێک نەکەم ناتوانم بە هونەرەکەم بژیم، لە حەفتەیەکدا چەند جارێک سەردانی ژمێریاری کۆلێجەکەم دەکەم پرسیاری لێدەکەم بزانم موچە نەهات. ئەگەر من هونەرمەندی وڵاتێکی تر بومایە دڵنیابن بەلایەنی کەمەوە دەمتوانی بە هونەرەکەم زۆر باش بژیم. چەندین ساڵە کابینەکانی حکومەت دەگۆڕدرێ و هونەرمەندان داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە مافی هونەرمەندان بپارێزن ، نەک هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە ، بگرە ئێستا لە خودی پەرلەمانتارەوە سوکایەتی بە هونەرمەند دەکرێ و لە ڕوپەڵی فەیزبوکەکانیانەوە ناوی هونەرمەند لەکەدار دەکەن، بەڕەوای نابینن کە داوای مافی خۆی کردبێ لە فەستیڤاڵێک کە بۆ هەڵەبجە کرا ئەوەش پێش دووساڵ بەر لەئێستا رووی داوە لەکاتێکدا حکومەت خۆی بودجەی بۆ تەرخان کردبوو، ئەگەر وانەبوایە من بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەک تەنها من هەموو ئەوهاوڕێ هونەرمەندانەی دیکەش هەر بە خۆبەخش کاریان دەکرد، چونکە چەندین ساڵە هونەرمەند بە ئەرکێکی نەتەوەیی خۆی زانیوە کە لە هەموو بۆنە نەتەوەییەکاندا بە هونەر ڕوحی خۆی پێشکەش بکات بێ بەرامبەر، دەبوو ئەوە لەبەر چاو بگیرایە. بەڵام بە داخەوە ئەم سوکایەتی پێکردنەی هونەر و هونەرمەندان زۆرێک لە تەلەفیزۆنە حیزبیەکان و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەکانیش بەرنامەیان بۆ لەکەداری کەسایەتی هونەرمەند پەخش کردەوە، من لە ناخی دڵمەوە گلەییم هەیە لێیان ، تەنها ئەوەم لە دەست دێ، چونکە دەزانم لە وڵاتەکەم یاساکان زۆر شەرمنن ، بەداخەوە ئەوەشیان هەر ئێوە لێی بەرپرسیارن.


ناتەبایی و یەکترقوبوڵنەکردن و تۆڵە سەندنەوە و رق و کینەو توڕەبون بۆتە رەفتاری حیزبە کوردستانییەکان ، لەگەڵ رێزمدا بۆ هەموو بیرە جیاوازەکان، ئەمەش خەریکە دەبێتە کولتورێکی تر وەک پەتایەک لە رێگای تەلەفیزۆنەکانیانەوە میزاجی تاکی کوردی پێ تێک دەدرێ، دڵنیابن تەنها خەڵکی سادە و ئەدیبا ن و هونەرمەندان باجی ئەم ململانێیانە دەدەن، ئەوە بزانن کە هیچ وڵاتێک لەسەر ئەم گۆی زەمینە خەڵکی لە خۆبوردەو وڵاتپەرستی بەئەندازەی کوردستان نییە ئەم خەڵکە شایەنی گەورەترین خزمەت و خۆشەویستییە.


بەڕێزان ئێوە سەرنج بدەن بزانن هیچ وڵاتێک لە ئەوروپادا بە ئەندازەی یەک شاری کوردستان تەلەفزیۆن و رادیۆی تێدایە ، کە زۆربەی زۆریان نەک تەنها هیچ مافێکی هونەرمەند نادەن هەمووبەرهەمێکیان بێبەرامبەر دەوێ لێیان ،بگرە لە خودی شاشەکەیانەوە لەبەر چاوی چەماوەر سوکایەتی بە هونەرمەندە گەورەکانمان دەکەن و خەریکە پرسیاری {چەندد وەرگرت} کە لە هونەرمەند دەکرێ دەبێتە کولتور، لەوانەوە شۆردەبێتەوە بۆ ناو خەڵک، واتە ئەو تەلەفیزۆنانە دەبووئامانجیان پەروەردەو مەعریفە بوایە بۆخەڵکی ، نەک ئەو پەروەردە نابەجێیە.


دەزانم ئەگەر بنوسم سەدان لاپەڕە ی دەوێ کە باس لە خەمی هونەرمەندی کورد بکەم.


تکاتان لێ دەکەم قەرارێک بدەن و وەرنە ناو چەماوەر، خۆتان دوورە پەرێز مەگرن بزانن گرفتەکان چییەو پەنچە بخەنە سەر برینەکان بە یاسایەکی پتەو چارەی ئازارەکانی خەڵکی بکەن هەوڵ بدەن ئیدارەتان پتەوو بەهێز بێت تا کار لەکار نەترازاوە.



هونەرمەند
عەدنان کەریم
کاتژمێر چواری سەرلە بەیانی
١٩ کانونی دووەمی ٢٠١٥



PM:12:18:19/01/2015