پەرلەمانتارێکی عێراق: بودجەی ٢٠١٥ی هەرێمی بەسەوزی خورا

پەرلەمانتاری عێراق ئەحمەدی حاجی رەشید رایگەیاند: بوودجەی هەرێم بۆ سالی ٢٠١٥ بەسەوزی خورا.

ئەحمەدی حاجی رەشید لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند" ئەو پارەیە بۆ ساڵی ٢٠١٥ لە بودجەی عێراق دەدرێت بەهەرێم، ئەگەر مووچەی فەرمانبەران‌و قەرزەکانی هەرێمی لێ دەربکەیت هیچی نامێنێتەوە بۆ هیچ پرۆژەیەک و هێشتا کورد قەرزار دەبێت".

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەم پرسەی ورد کردەوەو وتی" لە ١٧% بودجەی عێراق بۆ سالی ٢٠١٥ کە دەدرێت بە هەرێمی کوردستان بڕەکەی ١٥ ترلیۆن‌و ٤٤٠ ملیار دینار دەکات، لەو پارەیە ئەگەر حکومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهەمهێنەکانی کوردستانی لێ دەرکات حکومەتی هەرێم قەرزدار دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی ئەم پرسەی بەم شێوەیە روونکردنەوەو وتی" حکومەتی هەرێم ٣ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار قەرزاری کۆمپانیاکانی نەوتە( ئەم زانیارییە نوێنەرێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا درکاندی). حکومەتی هەرێم هەر دوو مانگی ١١و ١٢ی ٢٠١٤ مووچە خۆرانی حکومەتی هەرێم قەرزارە کە دەکاتە یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار، هەروەها حکومەت ١ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار قەرزاری کۆمپانیاکانی ناوخۆیە. هاوکات حکومەتی هەرێم دەبێت ١٠ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار تەرخان بکات بۆ مووچەی ١٢ مانگی ٢٠١٥ فەرمانبەران".
ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێت کۆی هەموو ئەم پارانە دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینار، لەکاتێکدا حکومەتی بەغدا تەنها ١٥ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکات، لەم کاتەدا بوودجەی هەرێم ١ ترلیۆن ٥٠٠ ملیار کورت هێنانی دەبێت".

ناوبراو ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکومەتی هەرێم جگە لەم عیجزە زۆرە، هاوکات ناتوانێت هیچ پارەیەکی تر خەرج بکات بەبەرهەمهێنانی ناوخۆشەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەوەشی راگەیاند " حکومەتی عێراق و دیوانی چاودێری دارای عێراق وا بڕیارە ئەمساڵ ٢٠١٥ بەجدی لە داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم بکۆڵنەوەو هەمووشی ئاشکرا بکەن و هەموو ئەو داهاتانە رادەستی بەغدا بکەنەو، چونکە بەپێی دەستوری عێراق ئەو داهاتانە دەبێت بگەڕێتەوە بەغدا.

بەپێی هەندێک زانیاری کە پێشتریش سپی میدیا بڵاویکرۆتەوە، بەغدا لەهەوڵدایە کەهەرێم جگە لە ٢٥٠ ە بەرمیل نەوتەی بەپێی رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەری ڕێککەوتوون، هیچ نەوتێکی تر نەنێرێتە دەرەوەو بۆ ئەمەش لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق عەبادی بۆ تورکیا لە کۆتایی مانگی ١٢-٢٠١٤ دا داوای لە سەرۆک وەزیرانی تورکیا داود ئۆغلوو کردووە کە نە هێڵن هەرێم لەوە زیاتر نەوت بەرهەم بهێنێت و تورکیا بازاڕیان بۆ نەدۆزێتەوە تا بیفرۆشن.      
 
  



PM:01:14:20/01/2015