بنەماڵەی حسێن مەنسور سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەن

‌شەهید لیوا حسێن مەنسور
بنەماڵەی شەهید لیوا حسێن مەنسور و مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقین سوپاسنامەیەك خەڵكی كوردستان ئاراستەی خەڵكی كوردستان دەكەن بە بۆنەی بەشداریان لە رێوەڕەسمی هێنانەوە‌و ناشتنی تەرمی شەهید حسێن مەنسور.

دەقی سوپاسنامەكە:

             ((  سوپاسنامەیەك لە بنەماڵەی لیوا حوسین مەنسورەوە بۆ خەڵكی كوردستان ))

  ئێمە وەكو بنەماڵەی  شەهیدی نەمر (لیوا حوسین مەنسور )سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی جەماوەری بەشەرەفی كوردستان بە گشتی و خەڵكی ناوچەكانی چەمچەماڵ و سلێمانی و دەربەندیخان و شارەزوور و گەرمیان و گەرمەسێر دەكەین ،كە لە رێورەسمی هێنانەوەی تەرمەكە لەپێشوازی دا بوون ، یان ئەوانەی  لەگەڵ ئاپۆرەی هێنانەوەی  تەرمەكە ئامادەبوون،هەروەها هەموو ئەو كەسایەتیە سیاسی و حكومیانەی  ، كە لە كاتی ناشتن و بەخاك سپاردنی ئامادەبوون ، سوپاسی پێی پایانیشمان بۆهەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، كە هاوسۆز و هاوخەممان بوون،  چ ئەوانەی بە بروسكە یان بە پەیوەند تەلەفونی یان  لە پرسەكەدا ئامادەبوون .
لەناخی دڵمانەوە وەفا و خۆشەویستی خۆمان بۆ ئەم خاك و نیشتمانە دووپات دەكەینەوە ، بەلێن دەدەین، كە رۆڵەی بەئەمەكی پاراستنی ئەم كوردستانە بین هەركاتێك  پێوست بكات ، شەهید ئاسا پڵنگی نێو سەنگەرەكانی پێشەوەی  بەرگری بین‌وبەردەوام بین لەسەر رێبازەكەی شەهیدی نەمر ، كە رێبازی كوردایەتی  و مەردایەتی بوو ، جارێكی تر سوپاس بۆ هەموو لایەك و خوای گەورەش  سەبوری هەموو لایەكمان بدات .

                                                       موحسین مەنسوربرای شەهید  لەجیاتی بنەمالًە  
                                                                       4/2/2015 /خانەقین                                         




سوپاسنامەی مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقین
 

      
                      ((  سوپاسنامەیەك لە مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینەوە  ))
مەڵبەند  8ی رێكخستنی خانەقین ، بەگەرمی دەست خۆشیتان لێدەكات، بۆ ئەو هەموو دڵسۆزی و وەفاییەی  ، كە لە هێنانەوە و بەخاك سپاردنی  تەرمی  پیرۆزی شەهیدی فەرماندە  لیوا حوسین مەنسور نواندتان ، سوپاس و پێزانینی خۆمان  ئاراستەی  سەرجەم جەماوەری بەشەرەفی كوردستان دەكەین ، بەتایبەتیش هەموو ئەوانەی كە هاوسۆز و هاوخەممان بوون  ، بە هەموو پلە و پایەكانەوە   چ سیاسی و چ سەربازی و چ كەسایەتی  ،  ئەم رێز و وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان  ئەوە ئەگەێنێت ، كە لە ناخی هەر یەكێك لە رۆڵە بە ئەمەكەكانی ئەم گەلە ستەم دیدەیە ، عەشقێك ڕواوە ، كە ئەویش عەشقی خاك و نیشتمانە . هەر ئەمەش بۆتە هەوینی برایەتی و یەك ریزی و یەك هەڵویستی لەبەرامبەر دوژمنە سەرسەختەكانمان ، بۆیە رۆڵە بەجەرگەكانی گەلەكەمان پۆل پۆل بەعەشق دەچن بەرەو پیری مەرگ لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان ، لەبەرامبەر هێرشەكانی هێزە تیرۆرستیەكان .
 شەهیدی نەمر لیوا حوسین مەنسور بێ‌ لەوەی فەرماندەیەكی ئازا و بوێر و چاو نەترسی گەلی كورستان و (ی.ن.ك) بوو ، كەسایەتێكی كۆمەڵایەتی  بێ‌ وێنەش بوو ، بەراستی لەناخەوە عاشقی خاكی كوردستان و ئاوێتەی ئازار و مەینەتیەكانی ئەم گەلە بوو ، لە ناو ئازاری ئەم گەلەش پەروەرە بوو بوو ، خەمی خاك  و خەمی گەلی لەكۆڵنابوو، هەزار سڵاو لە گیانی بەرزە فری هەڵۆكەی گەرمیان ، شەهیدی فەرماندە لیوا حوسین مەنسور ، دڵنیاتان دەكەین هەموومان  زیاتر لە جاران  لە خەمی گەل و لە خەمی خاك بین و لەسەر رێبازەكەی  مامی گەورەمان ، كە رێبازی كوردایەتیە بەردەوام بین ، بەلێنیش دەدەین و سویند دەخوین بە خوێنی پاكی شەهیدی نەمر ، كە وەفا دار بین بە ئەمەك بین ، بۆگەل و نیشتمان  لە شارێی خەباتی بێ‌ وچانی گەلی كوردستان لانەدەین و بەردەوام بین و قەڵغانی ئامادەكراوی بەرەنگاری سەنگەرەكان بین لەهەر كاتێك  كە پێوست بێت .
ئەم كارەساتە لە ناخەوە  هەموومانی هەژاند ، چونكە خۆشەویستی هەموومان بوو ، هەڤاڵ و برا و رۆڵەی بەئەمەكی كاتی تەنگانە بوو ، خوا سەبوری  هەموو لایەكمان بدات ، بەتایبەتیش هاوسەر و دایك و خوشك و براو و كەس و كاری ، جارێكی تر هەزار سڵاو لە گیانی پاكی شەهید لیوا حوسین و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان .                         هەرسەركەوتو بن..
                                                                                 مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقین
                                                                                              4/2/2015
                                                                                               




PM:04:43:04/02/2015