لەكەركوكەوە ئاو کاره‌باو سوتەمەنی ده‌درێت به‌ حه‌ویجه‌

‌كەركوك
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاشكرایدەكات كە تا ئێستاش کاره‌باو نەوت‌و غاز‌و ئاوی قەزای حەویجە‌و گوندەكانی دەوروبەری كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدان، لەلایەن ئیدارەی پارێزگای كەركوكەوە دابین دەكرێت.

عەلی ساڵەیی، بەرپرسی لیژنەی نەوت‌و غاز‌و كانزاكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تایبەت بە سپی میدیای راگەیاند: ماوەی ساڵێكە‌و لەپاش هێرشی داعش هەتا ئێستا نەوت‌و غاز‌و ئاوی قەزای حەویجە‌و گوندەكانی دەوروبەری كە نزیكەی نیو ملیۆن كەس دەبن، لەلایەن ئیدارەی پارێزگای كەركوكەوە دابین دەكرێت‌و تا ئێستاش لێیان نەبڕاوە.

عەلی ساڵەیی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە وەك خۆی دژی ئەو كارەیە‌و بە رەوای نازانێت سوتەمەنی‌و ئاو لەكەركوكەوە بدرێت بە ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی گروپی تیرۆریستی داعشدان، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە یان داعشن یاكوو دەسەڵاتی داعشیان قبوڵە‌و ملكەچی داعشن.

بەوتەی عەلی ساڵەیی پێدانی ئاوو نەوت‌و غاز بە ناوچەی حەویجە بە بڕیاری ئیدارەی كەركوك‌و پارێزگاری كەركوك دەدرێت‌و تەنها لە دەسەڵاتی پارێزگای كەركوكە كە ئەوە ببڕێت.

پێدانی سوتەمەنی بە ناوچەی حەویجە لەكاتێكدایە كە تا ئێستاش ژمارەیەك پێشمەرگەی كوردستان لەدەستی تیرۆریستانی داعشدان‌و هەڕەشەی سوتاندنیان دەكرێت‌و رۆژانەش لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناحیەیە‌و چەكداران‌و لایەنگرانی داعش هێرش دەكرێتە سەر خەڵكی مەدەنی.



PM:05:04:15/02/2015