"نێچرڤان بارزانی روودەکاتەوە تورکیا"

وا بڕیارە بەم نزیکانە سەرۆکی حكومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیا بکات‌و ئەو پرۆژە ئابوریانە سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە کە لەبواری بەرهەمێنانی نەوتدا لەگەڵ تورکیادا هەیەتی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند " پاش ئەوەی حکومەتی هەرێم نەیتوانی ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمبهێنێت و رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات تا لەوێوە عێراق بیفرۆشێت کە وەک لە رێککەوتنی ٢-١٢-٢٠١٤ دا هەر دوولا رێککەوتن لەسەری و، دوای ئەوەی عەبادی بەبیانوی نەبوونی (سیولەی ) پارەوە بە وەفدی دانوستانکاری راگەیاند کە ناتوانێت بوودجەی هەرێم بنێرێت، نێچیرڤان بارزانی بڕیاری داوە روو بکاتەوە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەم نزیکانە سەرۆکی حکومەت سەرلەنوێ روودەکاتەوە تورکیا بۆ بوژاندنەوەو قوڵکردنەوەی ئەو رێککەوتنە کۆنانەی لەگەڵ تورکیادا هەیەتی و سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە چیتر سەرلەنوێ پاش ماوەیەکی تر سیاسەتی هەرێم  لە تورکیا نزیکدەبێتەوەو لە بەغدا دووردەکەوێتەوەو لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پەیوەندی هەر دوولا وەک سەردەمی مالکی لێ دێتەوەو پڕ دەبێت لە ناکۆکی و بارگرژی".



AM:10:34:18/02/2015