پەكەكە‌و كۆمەڵە لەسەر لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی هاتنەدەنگ

هەریەك لەكۆنسەر كۆما جڤاكین كورستان (كەجەكە)‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەدوو بەیانامەی جیاواز لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی كوردی رۆژ هەڵات مەحكوم دەكەن‌و داوای پەرەپێدانی خەبات‌و تێكۆشان دژی ئێران دەكەن.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەسێدارەدانی ٣ گیراوی سیاسی کوردی بە توندی شەرمەزار کرد و لەبەرامبەر ئەو دڕندایەتیە بانگی بەرزکردنەوەی تێکۆشانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد.

کەجەکە له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان و گەلی کورد کرد و رایگەیاند کە ئەو لەسێدارەدانەی ئێران ئەنجامی دەدات و ئەو سیاستە دوژمنکاریەی کە لە بەرامبەر گەلی کورد پەرەی پێدراوە، گەلی کورد و گەلانی تری ئێران لە یەک نزیک دەکاتەوە و زەمینەی تێکۆشانی هاوبەش بەهێزتر دەکات.

لە هەمان لێدوانی کەجەکەدا هاتووە :کورد ئیتر مەڕی قوربانی نین، لە هەر هەلومەرجێکدا، خاوەنی ئەو هێزەن کە ئازادی و دەسکەوتەکانی خۆیان بپارێزن. دەوڵەتی ئیران بە سیاسەتی دژومنایەتی کورد و سیدارە، دەستی بە پرۆسەیەکی مەترسیدارە کردووە. وەک بزوتنەوە لەگەل هەموو وشیاریەکانمان سیاسەتمەدارانی کورد لە سێدارە دەدەت. دەولەتی ئێران دەبێ لەسەر ئەو لەسێدارەدانانە دەستبەجێ داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات، بۆ شەمەزار کردنی سیاسەتی دڕندانە، بانگی گەلەکەمان لە هەرچواری لای کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین ئاستی تێکٶشانیانیان بەرز بکەنەوە.

هاوكات كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا داوا لەسەرجەم حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان، بە تایبەت حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و خەڵكی ئازادی خوازی كوردستان دەكات بە ئیدانەكردن‌و ریسواكردنی ئەم جینایەتە، جارێكی دیكە كۆماری ئیسلامی ریسوا بكەن‌و بە سازدانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی تاوانەكانی رژیمی ئیسلامی ئێران دژی خەڵكی كوردستان مەحكوم بكەن.

لەبەیاننامەكەدا هاتووە:  لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندكراوەی كورد لەكاتێكدایە كە پێشتر  ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ‌و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە چەندین بەیاننامە‌و راگەیاندن خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدانیان‌و سازدانی میتینگ‌و گردبوونەوەی ناڕەزایی بوون، بەڵام كۆماری ئیسلامی وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی‌و بۆ مانەوەی سیستمی دیكتاتۆری‌و دژە ئینسانی خۆی، دیسان بە لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی سیاسی هەوڵەكانی بۆ تۆقاندن ‌و رووخانی ورەی خەڵكی كوردستان‌و ئێران خستەگەڕ.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە دوو كەس لەو زیندانییە سیاسییانە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ  ئەو حیزبە لەسێدارەدراون لەبەیاننامەكەدا دەنوسێت:  كۆمەڵە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە‌و كەسوكار‌و هاوڕێیانی ئەو شەش بەندكراوە سیاسییە دەكات‌و دڵنیایە خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو بەندكراوانە دەبێتە هەوێنی رق‌و توڕەیی خەڵكی كوردستان و ئێران دژ بە دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی.

رۆژی هەینی رابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی 6 زیندانی سیاسی كورد لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكرایەوە كە تا ئێستا هەواڵی لەسێداردانی سێ كەسیان پشتڕاست كراوتەوە‌و سێ كەسەكەی دیكە چارەنوسیان نادیارە.



PM:03:41:22/02/2015