"نابێت ئازادی ڕۆژنامەنووسان سنووردار بکرێت"

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت" لە ڕووداوەکانی شەڕ دژ بە تیرۆرستان میدیاکانی کوردستان بە بەرپرسانە و نیشتمانییانە مامەڵە دەکەن. دەبێت هەمولایەک بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن  و نابێت میدیاکان ببنە مینەرێک بۆ تیرۆرستان، ئەوەی بۆ هەمومان جێگەی شانازییە زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینە و نابێت بە هیچ شێوەیەک ئازادی ڕۆژنامەنووسان سنووردار بکرێت".

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی پێشوازیکردن  لە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و شاندی ئەنجومەنی باڵای سەندیکا بە سەرۆکایەتی ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکا. کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤-٢ سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، باسی لە سرووشتی کاری سەندیکایی و کارکردنی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کردو، پەیوەندی نێوان سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و پەرلەمان و هەر دوو لیژنەی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆشنبیریی بە پێویستزانی.

لەبارەی ڕووماڵکردنی ڕووداو شەڕی دژ بە تیرۆرستان و بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وتی "ڕۆژنامەنووسان لە هەستیاری بارودۆخەکە گەیشتوون و مامەڵەیەکی پیشەییانە لەگەڵ رووداوەکان دەکەن، ئەگەر گرفت و کێشەیەکیش ڕوویدابێت هەمو لایەک بە گیانی بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە.



PM:12:58:24/02/2015