"بەدواداچوون بۆ ٥ ملیار دیناری کاروباری کۆمەلآیەتی دەکرێت"

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پێنج ملیار دینارە ونبوەكەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و خستنەرووی چەند كێشەو داواكاریەك, پێش نیوەرۆی ئەمرۆ چوارشەممە 2015/2/25 وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و شاندێكی وەزارەت سەردانی وەزارەتی داراییان كرد .

لە كۆبونەوەیەكدا باس لە قەیرانی دارایی و كێشەو گرفتەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم كرا بەتایبەت ئەو ئاستەنگە داراییانەی بەردەم كارو چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە ڕووی كارگێری و داراییەوە كە پەیوەستن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری .

محمد هاودیانی, وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئامانجی سەردانەكەی رونكردەوە كە مەبەست لێی چارەسەركردن و دابینكردنی پێداویستی كارگێری و داراییەكانە بۆ خانەكانی منداڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچوان و شەڵتەرەكان, هەروەها لەبەرچاوگرتنی هەستیاری چاكسازی گەورانی هەولێر بەمەبەستی تەواوكردنی كێشەكان بۆ ئەوەی لەزووترین كاتدا سەرجەم سزادراوان بگوازرێنەوە بۆ باڵەخانە نوێیەكە .

لەبارەی چارەنوسی پێنج ملیار دیناری تایبەت بەخاوەن پێداویستی تایبەتیەكان وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەو لێژنەیەكرد كە لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پێكهێندراوەو بەدواداچوون لەوبارەیەوە دەكەن و داوای لە وەزارەتی دارایی كرد هاوكارو هەماهەنگبن بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بدۆزرێتەوەو بۆ خزمەتی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان تەرخان بكرێت .

لای خۆشیەوە رێباز محمد حەملان, وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند: لە سنووری توانا داراییەكانی ئەم قۆناغە ئامادەی هەموو هەماهەنگی و هاوكاریەكین بەرامبەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و لە ئێستاداو لەم قۆناغەدا پێویستە گرنگی زیاتر بە كەرتە خزمەتگوزاریەكان بدەین و خەرجیە لاوەكیەكان كەمبكەینەوە .



PM:04:52:25/02/2015