بارزانی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەكات

بارزانی لەنامەیەكیدا بۆ وەزیری پێشمەرگەی كوردستان داوا دەكات ئەو ملیشیانەی شیعە كە بەناوی حەشدی شەعبی لەشەنگال هێزێكیان پێكهێناوە، هەڵبوەشێتەوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، به كەناڵی‌ KNNی‌ راگه‌یاند، 24ی‌ ئه‌م مانگه‌، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نامه‌یه‌كی‌ بۆ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ ناردوه‌و تیایدا دژایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ شه‌نگال راگه‌یاندوه‌و  فه‌رمانی‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌ رێگری‌ له‌ چالاكی‌ ئه‌و هێزه‌ بكه‌ن.

 ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، بارزانی‌ له‌نامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندوه‌، دروستكردنی‌ هێزێكی‌ له‌و جۆره‌ دژی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی‌‌و بنه‌مای‌ رێكخستنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و نابێ‌ له‌كوردستان هیچ هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت.

بارزانی‌ ته‌ئكیدیشیكردۆته‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ نایاساییه‌و ده‌بێ‌ به‌ زووترین كات هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی‌ بۆ KNN خسته‌روو، له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا  له‌سنوری‌ شه‌نگال  هێزێك دروستكراوه‌  كه‌ حكومه‌تی‌ به‌غداد پاره‌ی‌ بۆ دابین ده‌كات



PM:04:06:26/02/2015