سەرۆك كۆمار: ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و ناوەند هەن كێشەی دژایەتی یەكتری نین

‌د.فوئاد مه‌عسوم
سەركۆماری عێراق، د. فوئاد مەعسوم  رایگەیاند: "ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و ناوەند هەن كێشەی دژایەتی یەكتری نین، بەڵكو لێكتێنەگەیشتن هەیە و هیچ هەوڵێك بۆكەمكردنەوەی پشكی كورد لەبوودجەی عێراق لەئارادا نیە".

سەركۆماری عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: كێشەی دارایی لەنێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ چەند كۆبوونەوەیەكی لەسەر كراوە و چەندین كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت، وەفدی هەرێم بەمزوانە دێتە بەغدا و ئەو كێشانە بەگفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، ئەوە نیە كە دژایەتی یەكتری هەبێت، ئەوە نیە كە شتێك لەپشكی هەرێم كەمبكرێتەوە، بەڵام هەندێ بۆچوونی جیاواز هەیە لەنێوان لایەنەكاندا ئەكرێت لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن".

سەركۆماری عێراق لەمیانی سەردانێكی بۆ هەڵەبجە وتی: "من سەرۆكی هەموو عێراقم و هەوڵ دەدەم چارەسەری هەموو كێشەكان بكرێت لەرێگای گفتوگۆوە، ئومێدەوارم لەداهاتوودا كە وەفدی هەرێم دێتە بەغدا هەموو ئەو كێشانەی پەیوەستن بەمووچە و بوودجەی هەرێمەوە چارەسەر بكرێن".

سەركۆماری عێراق هەروەها پیرۆزبایی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی كرد و لەوباریەوە وتی: پیرۆزبایی لەخەڵكی هەڵەبجە دەكەم بەبۆنەی بەپارێزگابوونی شارەكەیان.

سەركۆماری عێراق دەربارەی داواكارییەكانی خەڵكی هەڵەبجە وتی: "داواكاریەكانتان هەموویان قابیلی جێبەجێكردنن و هیچیان خەیاڵی نین، ئەوەندەی لەتوانای ئێمەدایە كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكەین، بەڵام بەشێك لەداواكاریەكانتان پەیوەستن بەكاتەوە، بەشێكیشیان پەیوەندیان بەو قەیرانە دارایی و سەربازیەوە هەیە كە ئێستا عێراقی تێكەوتووە".



PM:05:16:02/03/2015