ئێران: لەئێستادا عێراق شوناس، كلتورو پایتەختی ئێمەیە
عەلی یونسی
یاریدەدەری تایبەتی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەكاروباری كەمە ئاینیو نەتەوەییەكانی ئێران دەڵێت "لەئێستادا عێراق شوناسو كلتورو پایتەختی ئێمەیەو ئەمەش هەم بۆ ئەمرۆكەیەو هەم بۆ رابردوو".
عەلی یونسی، یاریدەدەری تایبەتی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەكاروباری كەمە ئاینیو نەتەوەییەكانی ئێران لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەڵێت"چونكە جوگرافیای ئێرانو عێراق لێك جیاناكرێتەوەو كلتوری ئێمە هاوبەشو جیاوازیی نیە، كەوتە دەبێت پێكەوە شەڕ بكەینو ببین بەیەك".
بە هەواڵنێری (ئیسنا)ی ئێرانی عەلی یونسی كە ئەمرۆ یەكشەممە لەكۆنفرانسی "شوناسی ئێرانی" لەتاران ئەم قسانەی دەكرد، سەبارەت بەوە كە عێراق بووەتە "ناوەندو پایتەخت"ی ئێران، روونكردنەوەی زیاتری نەدا، بەڵام ئەم قسانەی یونسی دەتوانێت ئاماژە بە مێژووی كۆن بێت، ئەو كاتە كە كۆشكی تیسفون یان مەداین لەعێراقی ئێستا، لەسەردەمێكدا پایتەختی پاشایەتی ئێران بووە.
یاریدەدەری تایبەتی سەرۆك كۆماری ئێران بە جەخت كردنەوە لەسەر ئەوەی كە "بەرگریی لە بەرژەوەندی خەڵكی ناوچەكە دەكەین چونكە هەموو ئەوانە خەڵكی ئێرانن" دەڵێت: "هەموو ئەو كەسانەی لە ئێمپراتۆری كۆنی ئێرانیدا دەژیان لەلایەن ئێمەوە پشتگیریی دەكرێنو لەبەرامبەر مەترسی كۆنەپەرستی ئیسلامی، تەكفیرو ئیلحاد، دەسەڵاتی عوسمانی نوێ، دەسەڵاتی وەهابیەت، دەسەڵاتی رۆژئاواو زایونیزم بەرگریی دەكەین".
یونسی کە پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵ وەزیری دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بوو هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێران وەك "ئێمپراتۆرییەك" لەدایكبووە.
PM:02:15:08/03/2015