پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی هێرش دەكەنە سەر داعش

بۆ بەرگرتن لەجموجوڵی داعش پاشنیوەرۆی ئەمرۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و میلیشیا شیعەكان لە ناوچەی تازە‌و بەدیاریكراوی لە بەشیر لەباشوری كەركوك هێرشیان كردەسەر چەكدارانی داعش.

سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگە بە سپی میدیای راگەیاند پاش نیوەرۆی ئەمرۆ پێنجشەممە چەكدارانی داعش كەوتبوونەوە جموجوڵ بەرامبەر هێزی پێشمەرگە‌و پێشبینی دەكرا كە هێرش بكەنە سەر ناوچەكە بۆیە پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی كە لەناوچەی تازەن دەستیان بە هێرشكردن كرد بە پانی سێ كیلۆمەتر لە ئاستی گوندی بەشیر.

سەرچاوەكەی سپی وتی سەرەتا پێشمەرگە بە تۆپبارانی چەكدارانی داعش دەستی پێكرد‌و ئێستا لە پێشڕەویدایە بۆ كۆنترۆڵكردنی سەنگەرەكانی داعش‌و دوورخستنەوەی مەترسی لەو ناوچەیە.

شەوی رابردوو چەند فرۆکەیەکی عێراقی چەند بارە چەکێکی بۆ چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی تازە بەردایەوە، بەرامبەر ئەوەش چەکدارانی داعش چەندین گوولە هاوەنیان ئاراستەی شارۆچکەی تازە کرد. 



PM:04:06:12/03/2015